top of page

هاورێیانی بەرێز و خۆشەویست کاک رەشاد و خوشکە مەلەکە


هاورێیانی بەرێز و خۆشەویست کاک رەشاد و خوشکە مەلەکە

لە ولاتی خۆمان کیوێک دیارە

بە قەت ئەو کێوە خەم لە دڵم بارە

کامە وشە کێهە قسە، بە زمان بە نووسین، بە شیعر بە نەسر، رێی ئەکەوێ و لێ ئەوشێتەوە تا سەرخۆشی، لە بنەماڵەیەک بکا، کە بست بە بستی ئەم خاکە خەمبارە یان بە دڵۆپ دڵۆپ خوێنێ گەرم و گەشێ ڕٶڵەکانیان نەخشاندوە؟

دایک و باوکی ئێوە بە ڕاستی وێنە و ئاوێنەی گەلی کوردن، باوک و دایکی نیشتمانن.

ئێستا نیشتمانی داماوى دڵسوتاو، کوردستانی بەشکراوی بەش خۆراو پرسەی کامە شەهیدی دا بنێ و شینی کێهە شۆرەسواری بگێڕێ؟

پێنج کوڕ، پێنج کوڕی قارەمان، پێنج کوردی تێگەیشتوی پێگەیشتو، پێنج سەرکردەی سەر تۆپ، بۆ پیرە جووتیاری کڵٶڵی کورد، بەهرە و بەرهەمی ژینی تاڵ و سوێرن، هێز و هیوان، خێرو خۆشین، خەرمانی سوورن!

زاڵمی زۆردار ـ چەتەی گەلان ـ ڕای دا و بردی بە تاڵان!

بەرو بوی زەوی پر پیتی کوردەواریم ڕۆ!

هات و داهات، ماف و مزەی کرێکاریم ڕۆ!

برا و خوشکینە!

ئێستا ئێمە ڕو بکەینە کامە لای وڵاتە کاول کراوەکەمان؟ شوین و خوێنی پێنج سوارەی مەریوان لە کوێ بگرین، لە کێ بستێنین؟ شنەێ شەماڵ لە سەنگەرێ داوێنێ کامە چیا هەستێ و بە سەر کام گٶڵی کویستانی سەر شین و مل بە کوێنا تێپەڕێ تابۆنی پێنج براڵانی لێوە بێ؟

ئێوە ئەی پێنج براڵان!

لەگەڵ خوناوەی کامە باران، لەگەڵ زەردەی کامە خۆر، لەگەڵ زەربەی کامە کوتک، لەگەڵ نوکی کام گاسن ئاژین دەبنە لەشی سەر زەوی یەخسیر؟

ئێوە ئەی پێنج براڵان!

لەگەڵ چزوی کامە گیا، لەگەڵ چرۆی کامە دار، بە دەنگی کام گۆرانی و بە دەنگی کام هەڵپەڕکێ سەر دێننە دەر لە خاکی بێ خودان و خێو؟

ئێوە ئەی پێنج براڵان!

خاڵێ رێبواری ناو بەیت و باون کە هەزاران ساڵە ماون، هەموو دنیا گەڕاون داوێنی دۆست و داوی دوژمنتان دیوە و دۆزیوە، شارەزای رێباز و لاڕێن، بسپۆری شارستان و لادێن، بە بالۆرەی گەروی ملیونەها کوڕ و کیژ بانگتان ئەکەن:

ئێمەش وەکو ئێوە رێبوارین، ئێمەش وەکو ئێوە دڵ بریندارین، هەڵوەدای دیداری یارین.

هەی یاران چکەردەن؟

گەلو! گەلی برادەرینە! گەلی دەماجەرایە!

تاڵەسوار دەستە چیلەی خۆی هێناوە، کوانوێ شۆڕشی کوردستانی جۆش داوە

کاك فوئاد دەبینم لە بەرز ترین لوتکەێ پشت ئاڵمانەوە سەرێ هەڵێناوە چاوی لە کورە کورەی پێشمەرگەیە، چاوی لە کۆمەڵەیە. دەنگی دلێری دەبیەم دەگوڕێنی و ڕەفیقانی رێگای ڕزگاری دەدوینێ:

کێ لە خۆی ڕا دەبینێ وەلامی بداتەوە؟

تکایە ئەم چەند دێڕەم لە باتی سەرخۆشی لێ وەربگرن

شینە بۆ خۆمی دەکەم، تۆش خۆمی

براتان سەلاح موهتەدی ١٢ /٤ / ١٣٦٠

bottom of page