ئاخرین نامە و ڕاسپاردەکانی گیانبەختکردوو کاک ماجیدی مستەفا سوڵتانی
چ دەکا ئاگری گوڵلە بە دڵی ئاورینم ؟ بوڵشویک ئاسا، دەبێت بمری!
هاوڕێیان و دۆستانی خۆشەویست
بە سڵاوی گەرم و ئاگراویە و لە دوورەوە دەستان دەگوشم . سەرکەوتنی شۆڕشی ناتەواوی گەلەکەمان بە ڕێبەری چینی کرێکارو، بەردەوام بوونی هەر چی زۆرتر و زۆرترتان سەبارەت بە بزووتنەوەی کومونیستی و خەباتی گەلەکەمان و خەباتی جیددی و لیبڕاوانە و نەپساوەتان لە بواری بەرەنگاری لە گەڵ ڕەخنەکان و لادانەکانی ناو ڕێکخراوە و بزووتنەوەی کومونیستی، ئیستای گەلەکەمان و خەباتی سەخت و نەپساوە و بێ وچانتان لە پێناو بونیادنانی ڕیزی سەربەخۆی چینی کرێکار ، ڕیزێک کە بە هێز و دەسەڵاتەوە و، دوور لە هەر چەشنە ڕاڕایی و لادان ، خەباتی چینایەتی تا گەیشتن بە دامەزراندنی و سەقامگیر کردنی سوسیالیزم ڕێبەری بکات. هەروەها شادی و خۆشی و سەربەرزیتان تەنیا ئارەزوومە .
هاوڕێیان ! چەند مانگ پاش دەستگیری لە زیندانی ڕژیمی دژی گەلی، ڕژیمێک کە لە هەوەڵین ڕۆژەکانی بە دەسەڵات گەیشتنی، بەڵێن و پەیمانی خۆی بۆ سازکردنەوەی سیستەمی سەرمایەداری گرێدراو و سەرکوتی کرێکاران و زەحمەتکێشان و لە خوێن گەوزاندنی تەزاهوراتی کرێکارانی بێکار لە ئیسفەهان، تەورێز ، دووڕود و .... هەڵپێچانی شورا راستەقینەو هەڵبژیردراوەکانی کرێکاران و تاوان و جەنایەتە بێ سنوورەکانی لە کوردستانی قارەمان، تورکەمەن سەحرا و ... بە تەواو کرێکاران و زەحمەتکێشانی ئێران و جیهانی سەلماند. پاشان لە بێدادگای دژی خەڵکی و کۆنەپارێز ، بە خاتر پشتیوانی لە ئامانجی چینی کرێکار و تاوانی ئەوەی کە برای کاک فوئادم بە " ئیعدام " مەحکوم کرام.
دوای ئەوەی حوکم و سزاکەم لە بێدادگای تەورێز دیاری کرا، سوێند بە ئامانجی چینی کرێکار، سوێند بە گەلەکەم بە هەڵویستی ئاورین و نەترسانە و بوێرانە وەڵامی جەلادە مفتەوێژەکانی زیندان ( نوری و مورتەزا ) م داوە . لە فێرگە و مەدرەسەی کاک فوئادەکان، کاک حسینەکان، کاک ئەمینەکان( سێ هاوڕی و برای قارەمان و گیانبەختکردووم)، حسین کەریمیەکان، پیرخزریەکان، فەرشچییەکان، گەنجێیەکان، موعینیەکان، زەکەریاییەکان، قوبادیەکان و ... پشتیوانی لە ئارمانجی چینی کرێکار فێر بووبووم .
کاک فوئاد فێری کردم کە: چ بکەم لە هەستی دڵی پڕ لە جۆش و خرۆشم، کە ئوستادم جگە لە ڕاوەستاوی و پشتیوانی لە ئامانجی بەرزی چینی کرێکار، شتێکی تری فێر نەکردم !
ئەمڕۆ و سبەی ڕگباری دوژمن دوور لە چاوی ئازیزان خەڵتانی خوێنم دەکا و جەستە و قامەتی چنار ئاسام ئەدارێنەوە و لە خوێنی خۆمدا دەمگەوزێنن. لەم ئاخرین کاتانەی ژیانم، تەنیا ڕاسپاردەم بە هاوڕێیان خەبات و بەرەنگاری سەخت و لێبڕاوانە لە پێناو پێک هێنانی ڕیزی جیاواز و سەربەخۆی چینی کرێکار بە شێوەیەکی ڕێک و پێک و پۆڵایین و دوور لە هەر چەشنە لادان، بۆ ڕووخاندنی سیستەمی سەرمایەداری و بونیا نان وسەقامگیر کردن و دامەزراندنی سوسیالیزمە . بیگومان ئەم خەباتە لە ناوەڕۆکدا خەباتێکە کە ڕاستەو خۆ دژی لادانەکان و دابڕانەکانە و لە بنەما سەرەکییەکانی ناو ڕێکخراوەکەیە.
وتەیەک بۆ باوک و دایکم !
پاش چەند مانگ دووری و بێ خەبەری بە سڵاوێکی گەرم و ئاگرین دەستی پڕ عاتیفە و میهرەبانتان ماچ دەکەم. ئیستا ئاخرین نامە و ئاخرین ڕاسپادردەمە، کە پێشکەشتانی دەکەم .
باوک و دایکی خۆشەویستم !
هەر دووکتان لە ئەزمونی ژیانتان و لانی کەم پاش ساڵی ١٣٥٦ و گەشەی خەباتی گەلانی ئێران لەم مەسەلە بە باشی تێگەیشتوون کە " هیچ شۆڕشێک بە بێ قوربانی و خوێنڕشتن بەسەرکەوتن ناگات. " چونکوو چینی کرێکار و هەموو چەوساوەکان بە مەبەستی ڕزگاری لە چەوسانەوە و ڕووخاندنی چەوسێنەران و بەدەس هێنانی دەسەڵاتی سیاسی ڕێگایەکیان جگە لە وەی پەنا بۆ زەبر و زەنگ و سەرکەوتنی شۆڕشگیڕانە بەرن نیە. بەدەس هێنانی ئەو دەسەڵاتەش تەنیا و تەنیا چینی کرێکار دەتوانی ڕێبەری بکات. ئێمە بە باوەڕی پۆڵایین و تەواوەوە بەم جۆرە دەستمان بە خەبات کردووە و لە هەمان کاتدا ڕێگایەکی دژوارمان هەڵبژاردووە. باوەڕمان وایە لەم بوارەدا هەر چەشنە دوو دڵی و ڕاڕایی، خەیانەت بە ئامانجی چینی کرێکارە. تەنانەت سێ برای قارەمان و شەهیدیشم، ئیمان و باوەڕی تەواویان بە چینی کرێکار هەبوو و بێ ڕاڕایی و دوودڵی خوێنی خۆیان پێشکەش کرد تا بە خوێنی سوور و گەشی خۆیان داری ئازادی، داری ئازادی کرێکاران و زەحمەتکێشان ئاو بدەن .
ئیستا منیش دەمەوێ بە شانازیەوە بڵێم: کە ڕچەی ئەوانم شکاندووە و پێم لە جێ پێ پڕ لەشکۆ و پڕ لە شانازی ئەوان داناوە. منیش بە پێشکەش کردنی خوێنی خۆم و مەرگێکی لێواولێو لە شانازی کەمێک لە داری ئازادی ئاو دەدەم و کەسێک لەو سەدان و هەزاران قوربانیە دەبم کە پڕۆلیتاریای ئێران و جیهان بۆ بەدەس هێنانی دەسەڵاتی سیاسی و ڕووخاندنی سیستەمی گەندەڵی سەرمایەداری تا ئیستا داویانە و لەمەو دوایش دەیدەن .
ڕەنگە بە خاتر و بە بۆنەی عاتیفەی بێ سنووری باوکانە و دایکانە وتەکانی منتان بە دل نەبێت و بۆ ئێوە دڵتەزین بێت. بەڵام ئێمە ڕێگایەکیترمان نیە و بەو هیوایە ڕۆژێک لە ڕۆژان لە وتەکان و قسەکانم تێبگەن و نەڕەنجن .
تاشەهید خوێنی نەڕێژێ تاکوو گەل تاڵی نە چێژێت ،
داری ئازادی شین نابێت باخی ژینمان پەرژین نابێت !
کەوایە دایک و باوکی ئازیزم !
بەم شیکردنەوانە و ئەو تەجربە و ئەزمونانەی کە خۆتان لە ژیان و بەتایبەت لەم چەند ساڵەی دووایی بەدەستان هێناوە چاوەڕوانم کە خەم و پەژارەتان هێزێک بۆ بردنە سەرەوەی ورەی شۆڕشگیڕانەی خۆتان و براکان و خۆشکەکانم بێت.
ئەگەر چی براکان و خۆشکە کانم رێبواری ڕێگای پڕ لە شانازین و ڕێگاکەیان هەڵبژاردووە. بیگومان ورەی بەرزی ئێوە هێز و توانا و دڵگەرمی زۆرتریان پێ دەدا .
تکایە سڵاو و ڕێزم بە هەموو براکان و خۆشکەکانم بگەیەنن و ئەم ڕاسپاردەیەم بە هەموویان و بە تایبەت بە کاک ڕەشاد، کاک عەبە و خۆشکی بەڕێز و ئازیزتر لە گیانم مەلەکەی ئازیز و برا خۆشەویستەکانم ئەمجەد*، ڕەزا و حیشمەت و براژنی میهرەبان شوکریە خانم و منداڵە کۆرپەکەی ( فرمێسک) ی خۆشەویست بگەیەنن . ئامان سەد ئامان بۆ فرمێسک بە وردی شی کەنەوە و تەوزیحی قارەمانانە و شەهامەتی گیانبەختکردن و ورەی پۆڵایینی سێ مامۆ و باوکی لە بیرتان نەچێت و لەم بوارەدا دەبێت زۆر فەعال بن و لە هیچ ڕوونکردنەوەیەکی دڵسۆزانە دریغ نەکەن و کۆڵ نەدەن .
براکان و خۆشکەکان و شوکریەی ئازیز چاوەڕوانی هەمووتانم کە لە فرمێسک ئاورێک ساز کەن، تا نێڵە نێڵ و کڵپە کڵپ بسوتێت و تاریکی بتارینێت .
مەلەکەی ئازیز ! ئەگەر چی ئیمان و متمانەم بە ورە و سەداقەتی شۆڕشگیڕانەت هەیە، بەڵام بە مەبەستی ئەوەی لە نزیکەوە بزووتنەوەی کرێکاری بناسی و بە مەبەستی یارمەتیدانی هەر چی زیاتری خۆت پێشنیارت پێ دەکەم هەوڵ و تەقەلا بدە کە لە مەو دوا بچێتە تاران یا تەورێز و هەڵسوڕانی سیاسیت لە پاڵ و پەیوەندی لە گەڵ هاوڕێیانی ئەو جێگایانە درێژە وئیدامە بدەێت .
بۆ براکانم و هەموو هاوڕێیان پەیام و ڕاسپاردەیەکیترم جگە لە بەردەوام بوونی خەبات و تێکۆشانی بێوچان نیە و هەر چی زۆرتر ئیدئۆلۆژی چینی کرێکار فێر بن و خۆتان بەو ئیدئۆلۆژیە بە هێز بکەن تا لە مەیدانی خەباتدا خاراو، پتەو و سەرکەوتوو بن .
و ئیستا وتەیەک بۆ دایکم !
کوڕی تۆ نیم حاشات لێ دەکەم دایە، ئەگەر لە کۆستی من دا فرمێسک هەڵوەرێنی و وەک مردن چاو لە ئێعدامم بکەێت .
کوڕی تۆ نیم ئەگەر جەستە و لەشی خەڵتان لە خوێنمت بینی، خەم و پەژارە داتگرێ ! کوڕی تۆ نیم ئەگەر لە بینینی تەرمی لە خوێن هەڵکێشراوم پەژارە داتگرێ، پەژارە و خەم لە دڵت بتارینە و لە حاست و بەرانبەر جەنایەتی دوژمندا هەرگیز پڕمەی گریان نەتگرێت و شیوەن نەکەێت !
ئەگەر هاوڕێیانی ڕێگام، جل و بەرگی ڕەش لە بەر تۆدا ببێنن، حاشا لە تۆ دایە !
تیرباران لە پێناو ئامانجی بەرزی چینی کرێکار زەماوەندی منە، دایە !
کراسی لە خوێن گەوزاوم چل چرای زاوایەتی منە دایە ! ئەگەر دایکی و دایکی منی دژی ئەم هەموو جەنایەت و تاوانە دەنگ هەڵبڕە و هەستە .
دایە جلی ئاڵ و واڵا لە بەر کە! لە بەرۆک و سینگی خۆشکم گوڵی سوور هەڵواسە ! چەک و فیشەکدانم لە سەر شانی خۆشکم دانێ کە ساڵیانی ساڵە بیر و باوەڕ و هەڵویستی وەک منە. دەنگ هەڵبڕە و کراسی سوور لە بەر بکە و ناوم وەک سکڵی سوور و ئاورین هەڵگرە تا دوژمن لەو ئاگرە بلەرزێت !
کڵپەی شۆڕش لە کوردستان، لە گشت ئێران
هێزی بەزووی گشت سەربەستان
وڵات دەکات بە گۆڕستان
بۆ خاینان و بۆ پەستان
ئەوسا میللەت خۆی دەزانێ
داری خنکان بۆ کێ دانێ ؟
بە سڵاو و ئیحترامی بێ پایان سەرکەوتوو بن .
مەرگ و نەمان بۆ ئەمپریالیزم و کۆنەپارێزانی ناوخۆیی ،
بژی سوسياليزم !
بێدادگای تەورێز _ ماجيدی مستەفا سوڵتانی
هەشتی خەرمانانی 1360
***
ڕوونکردنەوە و زانیاری پێویست :
* هاوڕێ ماجید تەنانەت لە وەسیەت نامەکەیدا ڕاسپاردەی بۆ ئەمجەد هەیە و نازانێت کە ئەمجەد دیل و ئەسیر و لە زیندانی تەورێز دایە .
ژووری زیندانی هاوڕێ ماجید و هاوڕێ ئەمجەد لە دوو بەشی جیاوازی زیندانی تەورێز بووە. کاک ماجید تا کاتی تیر باران نەیزانیوە کە برا چکۆلەکەی گیراوە . لە کازیوە و بەرەبەیاندا کە بۆ تیرباران ڕیزیان دەکەن و دەیانهێنە حەوشی زیندان. لەوی بە دەم شعار دانەوە و بە دەنگ دا بە یەکتر دەزانن. بۆ ئاخرین جار دەس لە مل یەکتر ئەکەن و یەکتر لە ئامێز و باوشی دەگرن.