• عادڵ محەممەدی

کاک فوئاد لە نێوان دوو گوتاری جیاوازدا

٩ی خەرمانانی ساڵی ٥٨ی هەتاوی رۆژێک بوو کە بزووتنەوەی کورد لە کوردستانی رۆژهەڵات و «چەپ» لە ناوچەکە، گەورە رابەرێکی خۆی لەدەستدا و تا ئەمڕۆشی لەگەڵ بێت کەس نەیتوانیوە جێگەی ئەو رابەرە پڕبکاتەوە. «کاک فوئاد» مستەفا سوڵتانی کە رەزبەری ٥٧دا لە زیندان ئازاد بوو و لە ماوەی کەمتر لە ساڵێکدا بە کردەوەی خۆی و پشتیووانی خەڵک، چۆکی بە کۆماری تازە بەدەسەڵات گەییشتووی مەلاکان دادا و توانی دۆخی کورد لە ئێران بباتە ئاستێکی ترەوە. سەرەڕای زاڵبوونی بیرۆکەی ئیسلامی بەهۆی ئاڵوگۆڕی سیاسیی ناوچەکە بەگشتی و دەستێوەردانی زلهێزەکان لە دۆخی سیاسی ئێران بە تایبەتی، کاک فوئاد وەکوو کەسایەتیەکی چەپ و شۆڕشگێڕ، خاوەن پێگە و پشتیوانی جەماوەرێکی زۆری خەڵکی کوردستان بوو. خەڵکێک کە زۆربەی هەرەزۆریان بڕوای تەواویان بە ئایین بوو بەڵام رێبازی کاک فوئادیان پێ رێگای گونجاو بۆ گەییشتن بە مافەکانیان دەزانی. رووداوەکانی زستانی ساڵی ٥٧ تا خەرمانانی ٥٨ و رۆڵی مەزن و کاریگەری کاک فوئاد و دەستکەوتەکانی خەباتی خەڵکی کوردستان لەم ماوەدا، جیاوازیی رێباز و بیرۆکەی کاک فوئاد لەگەڵ رابەرەکانی بزووتنەوەی کورد، لە پێش و پاش ئەم ماوەمان بۆ دەردەخات.


هەر لە سەردەمی خوێندکاریەوە تا دوا هەناسە لە هەرکوێ کاک فوئاد بووبێت، جووڵانەوە و خەبات بوونی هەبووە و بە گونجاوترین شێواز لەکاتی خۆیدا شۆڕش بەرەو پێش چووە. خۆتەیارکردنی تیۆریک، رێکخستنی نهێنی، هۆشیارکردنەوەی چینی بێبەش و چەوساوەی کۆمەڵگا، رێکخستنی عەلەنی و کۆکردنەوەی جوتیاران و رۆشنبیران و خەڵکی شار و لادێ لە دەوری یەک، خەباتی جەماوەری و دژەکردەوەی مەدەنی و لەکاتی خۆیدا خەباتی چەکداری بۆ پاراستنی کەرامەت و مافی رەوای تاک و کۆی خەڵکی کوردستان لەلایەک و مانەوە لە سەر بیروباوەڕ و بڕوای تەواو بە مافی خەڵکی چەوساوەی کوردستان تا دوا هەناسە و گیانبازی لەسەر ئەو رێبازەی کە خەڵکی لە دەوری کۆکردەوە لەلایەکیترەوە ئەوەمان بۆ دەردەخات کە کاک فوئاد رابەرێکی زۆر پێشکەوتووتر لە سەردەمی خۆی و تەنانەت ئێستاش بوو.

کاک فوئاد لە هەر شێوازێکی خەبات بۆ گەییشتن بە مافە رەواکانی خەڵک کەڵکی وەردەگرت بەڵام هیچکات بەجێگەی جەماوەر بڕیاری نەدەدا. چاوەڕێی جووڵانەوەی جەماوەری نەدەکرد تا رەهبەری بکات و بە پێچەوانە، جەماوەر چاوەڕێی کاک فوئاد بوون بۆ رێنوێنی چۆنیەتی خەبات و شۆڕش لە هەر قۆناخێکدا. جێاوازی کاک فوئاد چ بوو کە لە کەمتر لە یەک ساڵدا خەباتی کوردی زۆرتر لەم ٤ دەیەی پاش گیانبەختکردنی بەرەو پێشبرد؟ کاک فوئاد بە کامە چەکەوە ئەو هەموو رۆشنبیر و بازاڕی و خوێندکار و جوتیار و ژن و پیر و لاو و ئایینی و کۆمۆنیستەی لە دەوری یەک کۆکردەوە؟


زۆربەی هەرەزۆری کەسایەتیی و لایەنە چەپەکانی ئێران و کوردستان لە رابردوو و تەنانەت هەنووکەش، چەپ بوون وەکوو مەکتەبێکی نەگۆڕ دەبینن کە بۆ هەر رووداو و تەنانەت بڕیارێک بەپێویستی دەزانن کە سەردانێکی نووسراوەکانی بیرمەندانی چەپ بکەن و دەشترسن لەگەڵ لایەن و کەسایەتییە راست و ئائینیەکان دانیشتن یان کارێکی هاوبەشیان هەبێت. ئەم کەس و لایەنانە لەڕاستیدا چەپێکن وەکوو دەروێش و مووریدەکانی شێخ و مەلاکان و چاویان بەسراوە بە ڕووی راووداوەکانی کۆمەڵگای خۆیاندا. هیچکات هەوڵ بۆ ئاڵووگۆڕ لە دونیای واقیع نادەن و زۆرتر لە چوارچێوەی درووشمدا مانەتەوە و ئەگەر کەسێکیش هەنگاوێکی پراکتیکی بۆ رێکخستنێکی جەماوەری یان لێکنزیککردنەوەی لایەنە سیاسیەکان هەڵگرێت هێرشی دەبەنە سەر.


جیاوازی کاک فوئاد لەوەدابوو کە بۆ دەستەبەرکردنی ماڤی خەڵکی چەوساوەی کوردستان دژایەتیی هیچ کەس و لایەنێکی نەدەکرد جگە لە دەسەڵاتداران و لایەنەکانی نزیک لەوان. هەروەک لە وتەکانی مەهاباددا ئاماژەی پێداوە تەنانەت لە کاتی یەکێتی جووتیاراندا و بۆ پووچەڵکردنەوەی پڕووپاگەندەی نەیاران، لە جەولەی لادێکاندا هەوڵی دەدا کە مامۆستای ئایینیی دێهاتەکان و خەڵک لە میتینگەکاندا بەشداری بکەن و بە خوێندنەوەیەکی تایبەت بە کۆمەڵگای ئەو کات مامۆستاشیان ناچار بە تەئیدی داواکاریەکانی یەکێتیی جووتیاران کردووە. لەلایەکیترەوە بەشداریی کاک فوئاد لە نووسین و ئامدەکردنی داخوازییە ٨ ماددەییەکەی مەهاباد لەگەڵ لایەن و کەسایەتییەکانی ئەوکاتی کوردستاندا جیاوازی بیرکردنەوەی لەگەڵ چەپەکانی‌تری ئێران و کوردستانمان بۆ دەردەخات.

بڕوای قووڵی کاک فوئاد بەبیستنی دەنگی جەماوەر و داخوازییەکانیان راستییەکی حاشاهەڵنەگرە کە بەردەوام هەوڵی دەدا داخوازییەکانی خەڵک بەمێتۆدی چەپ دەستەبەر بکات. کاک فوئاد هیچکات بیرۆکە و بۆچوونی خۆی لە سەرووی داخوازیی جەماوەر نەدەدی هەر بۆیە کاتێک لێیدەپرسن بۆ پێکهێنانی حیزبێکی کۆمۆنیستی بۆچوونت چیە لە وەڵامدا دەڵێت هەلوومەرجی راستەقینەی کۆمەڵگا وەڵامی ئەو پرسیارە دەداتەوە و پێیوایە کە زەمینەی کۆمەڵایەتی دیاری دەکات کە پێویستی بە وەها حیزبێک هەیە یان نا.


کاک فوئاد بڕوای تەواوی بە چاکسازی و رەخنە لەخۆ لەناو تەشکیلاتی کۆمەڵەدا بوو و ئەسنادی کۆنگرەی یەکەمی کۆمەڵە ئەو راستیەمان بۆ دەردەخات؛ کاک فوئاد رخنەگرێکی دڵسۆز و راستەقینە بوو کە چاوی بەسەر هیچ کەموکۆڕیەک لە هاوڕێیان و هاوخەباتەکانی خۆیدا نەدەبەست. سڕینەوەی کەسەکان لەبەر هەڵە یان تەنانەت تاوانی پێ باش نەبوو و هەوڵی درووستکردنی مرۆڤی شۆڕشگێری لەهەر جێگایەکدا دەدا و هەر لە قوتابخانەوە تا زانکۆ و زیندان، خەڵکی زۆری هێنایە جەرگەی خەبات و بوون بە شۆڕشگێڕی راستەقینە و ناویان لە مێژوودا بەدرۆشاوەیی ماوەتەوە.


سیستەم و بەڕیوبەریی شوورایی مەریوان کە داڕێژەر و خاوەنی راستەقینەکەی کاک فوئاد بوو و خۆشی تێکەڵ بە هەمان سیستەم بوو و لەسەرووی یاسا نەماوە، نموونەیەکی سوسیالیست بوونی کاک فوئاد بوو کە لە کۆمەڵگای کوردستانی ئەو سەردەم و لەسەر ئەرزی واقیعدا پیادەکرا. دەسەڵاتێک کە خەڵک بەشدار و بەڕێوەبەری بوون و هەموو چینەکانی کۆمەڵگای ئەوکاتی لەخۆگرتبووەوە. سیستەمێک کە دەسەڵاتدارانی تاران و کۆنەپەرستانی کورد، توانای بینینیان نەبوو و هەوڵیان بۆ سەرکوت و نەهێشتنی، بەزەبری چەک خستەگەڕ و تووانیان بیانوویەک لە رۆژێکدا کە کاک فوئاد لە مەریوان نەبوو، وەدەست بخەن. بەڵام ژیری و تێگەییشتووی کاک فوئاد پشتووانەیەکی قورس و قایمی ئەو سیستەمە شووراییەی مەریوان بوو. هەربۆیە کۆچی مێژوویی خەڵکی مەریوان کە ئەندەرزیارەکەی کاک فوئاد بوو و بیرۆکەیەکی زۆر پێشکەوتووتر لە ئەو سەردەمە بوو، رێکخراو ئەمەش هەم تەسلیم نەبوونی خەڵک بە ئیرادەی دوژمن بوو و هەم ئاشتیخوازیی خەڵکی کوردی نیشاندەدا.


بەچاوخشاندنێک بەسەر ژیانی سیاسی کاک فوئادی رابەردا بۆهەمووان دەردەکەوێ کە شیوازی خەبات و سیاسەتکردنی کاک فوئاد، کۆپیکردن و دەقاودەق دەڕێژانی خەباتی چەپ لە سۆفیەت یان چین نەبوو. شێوازێکی زۆر جیاواز بوو کە هەڵقوڵاوی باروودۆخی سیاسیی تایبەتی ئەوکاتی کۆمەڵگای کوردستان بوو. لەڕاستیدا، خوێندنەوەی کاک فوئاد بۆ چەپ و خەباتی چینایەتی و جەماوەری لەگەڵ خەڵکیتر جیاوازیی زۆری هەبوو. کاک فوئاد هەر لە تەمەنی کەمەوە هەستی بە نەبوونی دادپەروەری و یەکسانی لە کۆمەڵگادا کرد و دواتر لەبەر ئەوەی ئەیویست دژ بەو ناعەداڵتییە بوەستێتەوە بە خوێندن و خۆبارهێنان لە چەپ و خەباتی سۆسیالیستیدا خۆی دۆزیەوە. کاک فوئاد سەرەتا مرۆڤێکی عەدەڵەتخواز و شۆڕشگێڕ بوو کە لەڕێگەی خەباتدا، چەپی لە کوردستان بەتایبەتمەندییەکانی کۆمەڵگاوە لە مەیدانی پراکتیکدا داڕشتەوە. "کاک فوئاد شۆڕشگێڕێکی چەپ بوو نە چەپێکی شۆڕشگێڕ". بۆ روونتر بوونەوەی جیاوازیەکە یەک نموونەیتر دەخەمە بەرچاو.

لە سەردەمی شۆڕشی گەلانی ئێراندا دوو گوتاری زاڵ بوونی هەبوو کە بریتیبوون لە گوتاری ئیسلامی و گوتاری چەپ. پاش سەرکەوتنی شۆڕشەکە چەپەکان بەتەواوی تووانەوە و هێز و پێگە کۆمەڵایەتیە مەزنەکەی خۆشیان لەدەستدا. گوتارە ئیسلامیەکە هەم دەسەڵات و هەم زۆربەی کۆمەڵگاشی لەخۆگرتەوە بەڵام لە کوردستان وا نەبوو، چەپ هەنووکەش پێگەیەکی مەزنی کۆمەڵایەتیی هەیە. هۆکاری ئەم جیاوازیە بوونی کاک فوئاد و کۆمەڵە بوو کە بەپێچەوانەی چەپی ئێرانی هیچکات بڕووای بە خومەینی و مەلاکان نەبوو و دژبەو شەپۆلە وستانەوە کە هەموو دەنگێکی دادپەروەرانەی نوقوم دەکرد. جیاوازیەکە لەوەدابوو کە ئەوان لە خوێندنەوەی تیۆریکی چەپەوە هاتبوونە جەرگەی شۆڕش و کاک فوئاد بەپێچەوانە لە پراکتیکی شۆڕشەوە چەپی لەخۆیدا بینیەوە.