دۆخی پێشمەرگەی یەکیەتی نیشتیمانی تا کۆتاییی ١٩٧٨ ز (١٣٥٧ هەتاوی) زۆر دژوار بوو ئەوەیش ڕەنگی لە سەر گەشەکردنی هێزەکە دابوویەوە. بەرگە گرتنی ئەو دۆخە نالەبارە زۆر گران بوو. بەڵام بە ڕوخانی ڕژێمی پادشایی ئێران لەو ساڵەدا دۆخێکی باشتر و گونجاوی لە ڕووی دەروونی، تەندروستی، و چارەسەری پزیشکی و چەک و تەقەمەنیشەوە بۆ هێزەکانی یەکیەتی نیشتیمانی ڕەخسان. ئەمە جگە لە وەی ڕۆژهەڵاتی کوردوستان بووە وشوێنێکی ئارام بۆ حەوانەوەی هێزی پێشمەرگە.
دەرفەت:
بریندار بوونی پێشمەرگەی قارەمان عوسمانی کاکە ڕەش زستانی ١٩٧٩و پێویستی بە چارسەری پزیشکی نەخۆشخانە.دەرفەتێک بوو بۆ بەندە تا لە نزیکەوە هەم ئەو ناوچە ببینم ولەگەڵ هەندی کەسایتی هاو بیریش دۆستایەتی پتەو پێک بێنم.چونکە برێار درا بوو من لە تەکی عوسماندا بچمە ناوچەی مەریوان (دۆستانمان لەوێ پێشتر ئامادەییان بۆ یارمەتیدانی ئێمە لە هەموو ڕوەکانەوە دەربڕیبوو) بۆ وەرگرتنی چارەسەری پێویست. بەگەیشتنمان بۆ مڕانە دوو ماشین یەکێک وانێت بار بە هەندێک کەلو پال و تەقەمەنی وەک هاوکاری بۆ یەکیەتی و پەیکانێکیش. ئەگەر بیرم بێت حەمە مرادە سوور، فەرەجی شەهابی و عوسمانی ڕەوشەن توودە لەگەڵ ماشێنەکان هاتبوون. من و عوسمانی کاکە ڕشیان لە تەک خۆیاندا برد بۆ مەریوان بۆ ماڵێک وابزانم لە لاپاڵەکەی دەستی ڕاس کە لە چوار ڕیانەکەی بایاواوە بۆ بایاوا بچیت.
من و عوسمان و هەر شەوەی چەند هاوڕێیەکی کۆمەڵەی مەریوان لامان ئەمانەوە. جگە لە پڕۆسەی چارەسەری عوسمان دانیشتنی شەوانەیش دەبوو. ئەو دەرفەتە بۆ من زۆر باش بوو بۆ کۆکردنەوەی کەرەسەی چارەسەری خێرای پزیشکی، وەرگرتنی زانییاری زانستی نوێیش لەمەڕ چارەی خێرا گۆشەیەکی تر بوو. لەگەڵ هەموو ئەوانەدا گفتووگۆ لە گەڵ هاوڕێیانی مەریواندا لەسەر پرسە هاوبەش و هەنووکەییەکان چێژێکی تری دەدامێ. بەڵام دوو شتی گرنگ سەرنجی ڕادەکێشام:
١ ـ دوو تێڕوانین و بیری جیام لەسەر سەرجەمی پرسەکان هەست پێکرد. بەشێک زیاتر بۆ پراکتیزە کردنی میتۆدەکان بە شێوەیەکی گونجاو لە گەڵ بنەمای کۆمەڵگاکە لە هەوڵدا بوون. کاک فوئاد سەرقافڵەی ئەم لایەنە بوو. كاک فوئاد کەسایەتییەکی تێگەیشتوو، بەڕێز ، و بەتوانا لە لە گونجاندی پایەمەکەی لەگەڵ بەرامبەردا. هەر ئەم هۆکارانیش بوو کاک فوئاد جێ متمانەی زۆربەی هەموو چینەکانی ئەو دەڤەرە بوو.بەشی دووهەم زیاتر حەزیان بە گفتوو گۆکردن بوو لەسەر پرسە تیئورییەکان هەڵویست بەرامبەر بە ئەمریکا، رووس، کەم ئەزموون و دوودڵیش بوون لە کاتی بڕیارداندا.
٢ ـ سەرەڕای ووریایشم زۆر پرسیاری بێ واڵامیشم دەکەرد سەبارەت بە بەرپرسی یەکەم ،بۆم ڕوون نەبووەوە کێ یە.
لای ئێمە بۆ زانیاری دەربارەی بەرپرسی کەرت، هەرێم و بەرەوژوور، پێویست بە پرسیار کردن نەدەکرد، چونکە بە لەبەرکردنی کوڵەباڵ ، فەرو، مشکی لە سەر نان، هەڵگرتنی گاڵۆک، یا بە چەکێکی دەگمەن بێ پرسیار بەرپرس دەناسرا. بەڵام خۆ ئەگەر بەرپرسی یەکەمی ڕێکخراوە بێت لە دووری چەندان سەد مەتریەوە لە ڕێگای زۆری هێزی پارێزەر و دەست و دایەرەوە ئاسان دەناسرێت.
تەندروستی عوسمان باشتر بووبو بۆیە دەمان توانی بە ئاسانی بگەڕێین، ئەمە وای کرد کە من بتوانم لە گەڵ هەندێک لە بەڕێزانەی مەریوان وەک، کاک فوئاد، شەهید ئەمین، شەهید حسێن.عەبدولای دارابی، عەبدولای کۆنەپۆشی، ئەحمەد نیکجو،حەمەمراد، فەرەج شەهابی، تاهیر خالیدی،حەمەی ڕاستی، وە سدیقی ئەمجەدی و هەندێکی سەر بە چریکەکانیش وەک شەهید تەمهورس، ئیقباڵ پەرتەوی (دڵنییام ناوم لە بیر چووە چونکە ٤٦ سال پێش لە ئێستا بوو بەگەورەیی خۆتان بمبوورن)لە دەروەی ماڵەکە یەک ببینین.
دواجار ڕۆژێک کاک فەرەج ئەو پرسەمی وەڵام دایەوە کە ئەو بەڕێزەی چەند شەوێک لەوەو بەر لە تەک فەرج خۆی و چەند هاوڕێیەکی تر لامان بوو(مەبەستی کاک فوئاد بوو) بەر پرسی یەکەمە.
زۆر لە کەسایەتی کاک فوئاد سەرم سوڕما. پاشخانەی کۆمەڵایەتی، پلەی خۆێندەواری و ئەو شێوە نەرمی و سادەییەی کاک فوئاد کە پتر لە وانی تر لەگەڵ بەرپرسی یەکەم بووندا بەو نەریتە باوەی(هەلس و کەووتی بەرپرس) ناوچەکە یەکیان نەدەگرتەوە. ئەمە وای لێکردم زیاتر لە کاک فوئاد نزیک ببمەوە و کاتێک هەستیشم کرد کاک فوئادیش مەیلی بۆ گفتووگۆکردن لە تەکم نیشاندا. کاک فوئاد شێوەیەکی تایبەتی گفتووگۆی هەبوو، گوێ دەگرت، بە نەرمی و بەڕێزەوە وەڵامی دەدایەوە. ئەگەر بۆچوونیکیشی بە دڵ نەبوایە بە تووندی وەڵامی نەدەدایەوە بەڵکوو بەهێمنی دەیووت من پێم وانیە. بۆیە هەموو دەرفەتێکم دەقۆزتەوە بۆ نزیکی لە کاک فوئاد ئەگەر بۆی بگونجایە.
ناردنم بۆ چارەسەر لە کرمانشان دوا دیدارم لەگەڵ فوئادی لوتکە: هەر وەک پێشتر کاک فوئاد گفتی ڕێکخستنی ناردنمی بۆ چارەسەر بۆ کرمانشا دابوو، ڕۆژێک بەرێز فەرەیدون ئیرانی نەژاد (پزیشک) و هاوسەری مینۆ خان(هەردووکیان دۆستی خۆشەویستی کاک فوئاد بوون) بە پەیکانێک هاتن و منیان لە تەک خۆیان گەیاندە کرمانشان. لەوێ جگە لە چارەسەر و ڕێزێکی زۆر لە لایەن هەردوو بەڕێزان و کەس و کاری هەردوولا، زۆر شەو هاوبیرانیان دەهاتن و کاتێکی خۆشمان بە گفتووگۆ و پاشان بە موزیک و گۆرانی کۆڕەکەیان خۆش دەکرد. ئەوەی کە جێی ئاماژە بێت جێگا و ڕێزی ئەو بەڕێزان بۆ کاک فوئاد بوو. پاش دوو هەفتە تەندروستیم زۆر باشتر بوو بۆیە پاش گفتووگۆیەکی دوورو درێژ بەڕێزان ملیان بە خواستم بۆ گەڕانەوە بۆ مەریوان دا. لە یەکەم ڕۆژی گەڕانەوەم بە دیداری کاک فوئاد شاد بوومەوە(مەخابن دوا دیدار بوو). پاش باسکردنم لە ئەنجامی نەشتەرگەریەکەم و ئاماژە بە ڕێزی دکتۆر فەرەیدون، مینۆ خانم، کەس و کاریان، وەهەروەها زۆر لە دۆستەکانیان لە بەندە کەوتینس قسە و باسی ئاسایی. کاک فوئاد ئاماژەی بە گەشتی بۆ لای هاوڕێیانی ڕێبەرایەتی کۆمەڵە و نیازی دیتنی سەرکردایەتی یەکیەتی لە سەردەشت کرد ، هەروەها پرسیاری لە سەر پێشنیاری مانەوەی من لە ناوچەی مەریوان لێم کرد. منیش بێ دوو دڵی خۆشحاڵی خۆمم نیشان دا. زۆر بەداخەوا لە گەڕانەوەمدا بۆ شارباژێڕ لە بری بڕیاری ڕۆیشتنم بۆ مەریوان هەواڵی دڵتەزێنی شەهید بوونی کاک فوئادی کەم وێنەم پێگەیشت. ئەو هاواڵە جەرگ بڕە نەک تەنها من بەڵکوو زامێکی بە سۆ بوو بۆ زۆربەی ئازادی خواز و چالاکوانانی یەکسانی لە ناوچەکەدا. بە شەهید بوونی کاک فوئاد کەلێنێکی گەورە لە سەر بزوتنەوەی ئازادی و یەکسانی خوازی دەرکەوت و پڕ کردنەوەی ئەو کەلێنە لام ئاستەمە.
دوا سەرنج: کاک فوئاد ڕؤشنبێرێکی شۆڕشگێڕ بوو، پشت بەستوو بە هێزی لەبن نەهاتووی جەماوەر کاری دەکرد. ئاگادار کردنەوەی جەماوەریشی لە بەڕێوەچوونی هەموو پڕۆسە سیاسیەکان بەمەرجی سەرکەوتن دادەنا، هەروەک دیمان ڕۆژانە لە کانی میران ڕاپۆرتی درێژی لەسەر بەڕێوەچوونی گفتووگۆی نێوان بۆ جەماوەر ڕووندەکردەوەو پرسیاری هەموو وەڵامەکانییانی دەدایەوە. کاک فوئاد لە شێوەی ئاخاوتنی و گونجاندنی ئاستی ئاخەوتنەکە لەگەڵ بەرامبەرەکانیا زۆر کارامە بوو. کاک فوئاد پەیامێکی پیرۆزی تری هەبوو کە سەرکردە دەبێت لە ناو جەماوەردا بێت و نەک لە قەڵا و تەلاردا. کاک فوئاد بە پێچەوانەی دابی ڕابەری کردنی باوی ئەمڕۆ کە سەرکردەکان بەدوور لە جەماەر وەک شێخ و ڕابەری تەریقەت هەڵس و کەوت دەکەن و پەیامەکانیشیان بۆ جەماوەر لێڵ و تەماوویە. لە کۆتایدا دەڵێم کاک فوئاد لە زەمەنی نەبوونی ئینتەرنێت، سەتەلایت، و ئامرازەکانی پەیوەندی کۆمەڵایەتی بە ئەسپای و بێ دەنگ بۆ ناو دەڵی سەدان هەزار تاک خزا. کەچی فیگوورە درووستکراوەکان سەرەڕای بوونی ئەو هەموو ئیمکانات و دەزگای دیجیتاڵە ناویان تا دیوی دەرەوەی تەلارەکانییان بڕی نەکرد. هەزار ساڵو بۆ گیانی بەرزەفڕی فوئادی کەم وێنە
دکتور قادر
01 ـ 02 ـ 2024
Comments