top of page

لێکۆڵینەوەیەک لەسەر مەرگی کاک فوئاد مستەفا سوڵتانی لە ژێر تیشکی قەڵەم دا!





کاتێ پارچەیەک زێڕ دەناو تەپ و تۆز و خۆڵی ناو ڕێگا دا کەوتبێت و ڕێبوارێک هەڵی بگریتەوە دەبێ بیسڕیتەوە و هەموو غەورێک کە لەسەری نیشتوە بیشواتەوە هەتا دیسان تروسکەی جوان و زێڕین بێتەوە بەر تیشکی نیگا!

زۆربەی جوانیەکانی کۆمەڵە لە مێژ ساڵە بە بەژن و باڵای کۆمەڵەوە نەماون و لەژێر تەپ وتۆزی نامۆیی دان کە نەدەبوو بەم شێوە بزر ببن و کۆمەڵە لێیان بێ غەم بێت و ئاوڕی لێکۆڵینەوەو بە دوواداچونیان لێ نەداتەوە!


یەکێک لەم جوانیانەی کۆمەڵە فوئاد مستەفا سوڵتانی یە کە وەک پارچەیەک زێڕی داکەوتوو هەتا ئێستاش دە ناو تەپ و تۆز و خۆڵی ناو ڕێبازەکەی خۆی دا ماوەتەوە و نەویستراوە ئەم تەپ وتۆز و غەورە گوماناویە کەلێی نیشتوە بشۆردرێتەوە و تیشکی حەقیقەت وەک وەڵام بکەوێتە بەر نیگای چاوی پرسیارەوە!

بۆیە سڕینەوەی ئەم غەورە نامۆیە ئەرکی سەرشانی نوکی قەڵەمە کە دەبێت سەر ئەم تابوتە غەوراویە بکڕێنێت هەتا ئەم کفنە سوورە دەربکەوێت و ڕاستەو خۆ ئاوڕێک لە گوندە خنجیلانەکەی زەنبیل، بدرینەوە!


سەرنج بدرێتە زەنبیل و ناو ژووری کۆنگەرەی ٢ی کۆمەڵەوە:

بپرسن دەبێ لە کۆنگەر:

ئەرێ هاوڕێیان فوئاد کێ بو ؟

ئەرێ هاوڕێیان فوئاد چۆن مرد؟

لە کۆنگرە بپرسن ئەرێ نەدەکرا سەرەتای کردنەوەی دەرگای کۆنگەرە بە سرودی فوئاد ڕۆڵەی ئاگر و خوین دەست پێ بکەن و بە سرودی ئەنترناسیۆناڵ کۆتایی پێ بێنن؟

لە کۆنگەرەی ٢ بپرسن ئەرێ ڕێباز و بزوتنەوەی چەپ و کۆمونیستی و جەماوەری فوئاد چی بە سەرهات و بۆ باستان نەکرد؟

لە کۆنگەرە ٢ بپرسن ئایا کۆنگەرە سەرنجی هەواڵەکانی ڕادیوی تارانی نەدا کە وەک گرینگترین و یەکەمین زەربەی گوورچووبڕ لە کۆمەڵە، هەواڵی مەرگی سەرکردەی کۆمەڵە و یەکیەتی جوتیارانی مەریوان فوئاد مستەفاسوڵتانی بڵاو کردەوە؟


وە ئایا کۆنگەرە نەی بیست کە دژمن موژدەی شادومانی هەواڵی مەرگی فوئادی بە ئەرتەش و سپای پاسداران و دژمنانی ئازادی و بەرابەری دا هەتا ورەیان بۆ سەرکوت و شەڕ و قەتڵ و تیربارانی کۆمونیستەکان و خەڵکی شۆڕشگێڕ بەرز و بە هێزتر بکــــــــاتەوە؟

***

باسێک لە سەر مەرگی سەرکردەیەکی کۆمونیست و شۆڕشگێڕ

فوئـــــــــــــــــاد مستـــــــــەفا ســـــوڵتــــــانـــــــی

کە چەشنی چەگوارا کەوتە ناو تەڵەو داوی دژمن و لە شەڕێک دا بە لاقی بریندارەوە کەوتە دەست نەیار و تیرباران کرا و سەعات و کڵاشینکۆف و هەگبە بچکۆڵە پڕ لە پەڕتوکاکانی بە غەنیمەت بران!

باسێک لەسەر مەرگی فوئاد کە جەستەی خوێناوی فوئادیان برد لە ناو مێحڕابی مزگەوتی جامیعەی مەریوان وەک هێمایەک لە خۆشەویستی کۆچی خەڵکی قارەمانی مەریوان و وەک گیڤارای کوردواری دانا و ڕژیمی جمهوری ئیسلامی ئێران نمایشی سەرکەوتنی پێوە دا!

جەستەی بێ گیان و خوێناوییان لە ناو مێحرابی مزگەوت دانا هەتا نمایشی ترس و ڕەواندنەوەی جەماور و هاوڕێیانی فوئادی پێ بدەن.

هاتن بانگەوازی جەماوەری مەریوانیان کرد هەتا پۆل پۆل جەماوەری ڕۆژانی هیوا و هومێدی ناو کۆچی شار بێن بە چاوی خۆیان مەرگی فوئاد بیبینن و بچنە ژێر سێبەری ترسی عەبای جەلادانەوە!

بانگەوازی ڕێپێوانی خەڵکی ئازا و شۆڕشگێڕی سنە یان کرد کە بە پێ بەرەو مەریوان بێن و مەرگی سەرکردەی ئەم کۆچە ببینن کە ئەوکات ژن و منداڵ و پیر و جوان بە پێ هاتن و بوون بە هێز و هاوپشتی کۆچی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی سەربەرزی شاری مەریوان!


بێن ببینن کۆچی سەرکردەی خۆیان کە لەم ماوەکورتە ی بزوننەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان دا ئەم هەموو شاکارو بەروبووەی دەرس و ئەزمونی شێوە ی خەبات و تێکۆشانی جەماوەری لە پاش بە جێ ما!


یەکیەتی جوتیاران و هەستە و شانە نەهێنیەکانی کۆمەڵە بێن ببینن و بترسێن کە کار لە کار ترازاوە و بە چاوی خۆیان سەرنج بدەن کە ئەمە جەستەی بە هەیبەت و شۆڕشگێڕانەی سەرکردەکەیان فوئادە کە لە گۆڕەپانی جەنگی مان و نەمان و شەڕی تەن بە تەن دا دەخوێنی سوورمان گەوزاندوە!

بێن و دڵنیا بن بڵێسەی ئاگری شۆڕشێک کە فوئاد هەڵی ئایساندبوو تەواو دامان مرکاندوەو تروسکەی پشکۆی سووری ئەم ئاگرە مان بۆ هەمیشە کوژاندۆتەوە و خۆڵەمێشێکی سارد و سڕ نەبێ لەم ئاگرە نەماوەتەوە!


***



ڕۆژانی سەرتا!

کاتێ ئەم سەرکردەیە بەرگی نەهێنی لە جەستەی کۆمەڵە دادەڕنێت لە هەموو گۆڕەپانەکانی خەبات و تێکۆشان دا بەو پەڕی توانا و لێهاتوویی خۆیەوە وەک سەرکردەیەک لە مەیدانی سیاسەت و ڕێکخستن و جەنگ دا ئەم سەر ئەو سەری کوردستان دەکەوێتە کار بۆوەی ببرۆکەی بزوتنەوەیەکی چەپ وکۆمونیستی شۆڕشگێڕ بکات بە هەوێن و ڕەگ و ڕیشەی خەباتی ڕزگاری بەخشی کوردستان و ڕوخساری بزوتنەوەی عەشاییری و خێڵایەتی و کوردایەتی لە مێژوی سەدان ساڵەی کوردستان دا بگۆڕێت و وەرچەڕخانێکی نوێی مێژویی بخوڵقێنێت..

فوئاد شەو و ڕۆژ تێدەکۆشێت شار و دێی کوردستان لە ڕێکخستن و یەکگرتنی جەماوەری دا بتەنێتەوە..

فوئاد لە کورت ماوەی ڕۆژانی پێش لە مەرگ دا لە پێناو ئەنجام دانی چەند ئەرکێکی گرینگ کە یەکێک لەم ئەرکانەی ئەمە دەبێت سەفەرێک بەرەو شارەکانی بانە و سەردەشت ئەنجام بدات.

.

لە دوای گیرانی پادگانی شاری سەردەشت لە لایەن کۆمەڵە و حیزبی دێموکراتەوە فوئاد بە پێویست دەزانێت سەردانی هاوڕێیانی لە شاری سەردەشت بکات.

هاوڕێ دەگەڵ شوعەیب زەکەریایی ماشێنێکیان پێ دەبێت کە دەناو ڕێگای بانە سەردەشت دا توشی تەسادوفێکی بچوکیش دەبن.و لاتەنیشتێکی ماشێنەکەیان کەمۆکێک دەقوپێت بەڵام ماشێنەکەیان لە ڕۆیشتن ناکەوێت.

شیرین کچە تەمەن یەک ساڵەکەی حوسێن مرادبگی( حەمەسوور) هاوڕێی فوئاد دەئامێز فوئاد دادەبێت کە لەم هەلە ڕەخساوە ی ئەم سەفەرەدا بیبات بۆ لای باوکی لە سەردەشت.

شیرین و فوئاد و شوعەیب، لەم تەسادوفەدا هیچ ئازارێکیان پێ ناگات و ساغ و سەلامەت بەرەو سەردەشت دەچن. .

فوئاد بە هۆی ئەنجام دانی دووکار دێتە ناو شاری سەردەشت کە ئەوکات حەمەسوور و برایمی عەلیزادەو هاوڕێیانی جەمعییەت چاوە ڕوانی فوئاد دەبن.

یەکێک لەم دوو ئەرکە باس کردن و تاو توێی خاڵە باش و لاوەزەکانی چۆنیەتی چەک کرانی پادگانی سەردەشت لە لایەن کۆمەڵە و حیزبی دێموکرات و خەڵکی شاری سەردەشت دەبێت..

خاڵی دووهەم قسە کردن لە سەر گرێدانەوەی جەمعییەتی سەردەشت بە کۆمەڵەوە دەبێت.

فوئاد پاش ئەنجام دانی ئەم سەفەرە دەگەڕێتەوە بۆ شاری بانە.

فوئاد بانگەوازێکی بەرەی چەپ وشۆڕشگێڕی دابوو کە لە شاری بانە لە دەوری یەک کۆببنەوە و سەبارەت بە بارو دۆخی تازە بدوێن.

بۆیە دەبوو شاری سەردەشت جێ بهێڵێت و بەرەو بانە بگەڕێتەوە و خۆی لەم کۆونەوەدا بەشداربێت.

هاوکات دەگەڵ ئەم تەوەروباسە دا گرێدانەوەی جەمعییەتی شاری بانەش خاڵێکی تردەبێت لە کارەکانی فوئاد.

لەم کاتە دا دەبێت کە ڕادیۆی جمهوری ئیسلامی هەواڵی تیربارانی کۆمەڵێک زیندانی سیاسی لە پادگانەکانی مەریوان و سنە بڵاو دەکاتەوە کە دەناویان دا دوو برای فوئاد، ئەمین و حسێن، و هەروەها حسێن پیرخزریان و ئەحمەد پیرحزریان و چەندین هاوڕێ و تێکۆشەرو خۆشەویستی تری فوئاد بڵاو دەکاتەوە..

هاوڕێیان و کاک فوئاد بە بیستنی ئەم هەواڵە کزەیان لە جەرگ و هەناو دێت و هەواڵێکی زۆر تفت وتاڵ و ناخۆش و خەساراتێکی گەورە لە بزوتنەوەی نوێی چەپ و کۆمونیستی کوردستان دەبێت..

فوئاد وەک سەرکردەیەکی عەمەلی بۆ ڕێکخستنەوەی تەشکیلاتی مەریوان و پێش گرتن لە شپرزی و سەر لێ شێوانی تەشکیلات و ڕێکخستنەوەی هاوڕێیان و داڕشتنی پلانی گرتنی پادگانی مەریوان گەڕانەوەی خۆی بۆ مەڵبەندی مەریوان بە پێویست دەزانێت و بە هاوڕێیان دەڵێت پێویستە بۆ ئەنجام دانی ئەم کارانە بگەڕێتەوە و

بارو دۆخێکی هاڵۆز و پڕ لە مەترسی خوڵقاوە و ئەرکێکی گەورە تر قورسایی دەخاتە سەر شانی فوئاد. دەبێت بڕوات و هاوڕێیانی مەریوان بونی فوئاد بە پێویست دەزانن..

هاوڕێیانی تری مەرکەزییەتی کۆمەڵە کاک عەبدوڵڵای موهتەدی و کاک ساعد وەتەن دووست (مامۆستا برایم) گەڕانەوەی فوئاد لەم بارو دۆخەدا بە باش نازانن و پێیان باش دەبێت فوئاد بەرەو مەریوان نەگەڕێتەوە.

دوواتر فوئاد بە لێکدانەوەی هەل و مەرج و بارو دۆخی سیاسی و تەشکیلاتی مەریوان و هەواڵی تیربارانی دەیان ئینسانی تێکۆشەرو شۆرشگێڕ لە مەریوان و سنە پێی وا دەبێت ئەم تاوانە گەورەی جمهوری ئیسلامی لە سەر دابەزینی ورەی هاوڕێیان و جەماوەری مەریوان وسنە و ناوچەکە ئەسەری خەراپ دادەنێت و پێویستە و دەبێ بڕوات و دەورو نەخشی سەرکردایەتی خۆی بنوێنێت..

دەبێ بچێتەوە مەریوان و بەرنامەی گرتنی پادگان دەگەڵ هاوڕێیان و یەکیەتی نیشتیمانی و جریکە فیداییەکانیش باس بکات و هێزو پێشمەرگە کۆبکاتەوە و ئەرکی چەک کردنی پادگان بە جێ بێنێت..

بەڵام کاتێ بۆ ئەم سەفەرە ئامادە دەبێت خاڵی سەر سوڕمان ئەمەیە کە هاوڕێیانی فوئاد ئەقڵ و هۆشیان بەمە نەشکاوە چەند پێشمەرگە و پارێزگاری بە ئەزمون و متمانە پێ کراو بۆ هاوڕێیەتی فوئاد ئامادە بکەن کە بەتاییبەت تەشکیلاتی بانە هیزی کاراو نیزامی باشی دەبێت..

کاتێ فوئاد بەرەو مەریوان ڕێ دەکەوێت هەتا ئێستاش ڕوون نییە کەسێک یا دوو کەس هاوسەفەری دەبن کە گۆیا یەکێکیان هەر مامۆستا برایم جەلال ئەندامی سەرکردایەتی یەکیەتی نیشتیمانی دەبێت کە گۆیا لە لایەن یەکیەتیەوە بە پەلێک پێشمەرگەوه بۆ پارێزگاری لە فوئاد ئەم ئەرکە گرینگەی پێ سپێردراوە و بەڵام کەس نەی زانیوە ئەم پەلە پێشمەرگەی یەکیەتی نیشتیمانی بۆ دیار نەبوون و تەنیا مامۆستا برایم جەلال ئامادەی ئەم سەفەرە بووە؟

فوئاد بە ساخ و سەلامەتی دەگەڕێتەوە ناوچەی مەریوان و هەر بە گەیشتنەوەی بۆ ناو هاوڕێیان و جەماوەری ناوچەکە لەهەموو لاوە پێی دەڵێن ئاگاداربێت کە جمهوری ئیسلامی لە ئاسمان و زەوی دا بۆی دەگەڕێت!


***

فوئاد وەک ناسراوترین و بەرچاوترین سەرکردەی بزوتنەوەی نوێی چەپ و کۆمونیستی کوردستان بۆ جمهوری ئیسلامی مۆرەیەکی ترسناک دەبێت.

جمهوری ئیسلامی بە یارمەتی مەکتەبی قوڕعا ن و ئاغا و دەرەبەگ و کۆنەپەرستانی سنە و مەریوان دەیخاتە ژێر چاوەدێری خۆیەوە.

جمهوری ئیسلامی و دژمنانی خەباتی چینایەتی ڕێبازی فوئاد کە کۆمەڵە و بزوتنەوەیەکی چەپ و کۆمونیستی کۆمەڵایەتی شۆڕشگێڕ دەناو خۆی کوردستان دا دەبێت هەر لە قوم و تارانەوە و هەتا دزڵی و مەریوان هەموو خۆفرۆش و دارودەستەو جەللادانی دەوڵەت بۆی دەکەونە نانەوەی تەڵە و داوی مەرگەوە.

هەموو جۆرە نەخشە و پلان و پیلانگێڕیەکی بۆ دادەڕێژن که بە لە ناو بردنی فوئاد جاری سەرکەوتنێکی سیاسی گەورە بدەن!


بەهەموو جۆرێک هەوڵ دەدەن چ لە مەیدانی جەنگ دا و چ بە ترۆر و گرتن و تەقەی کوێرو ڕەشە کوژیەوە بە ئامانجی خۆیان بگە لە ئاسمان و عەرزەوە شوێنهەڵگری فوئاد دەبن، دەنگ و ڕەنگ و هەست و خۆستی فویاد لە هەموو کات و ساتێکی شەو و ڕۆژدا دەخنە ژێر سەرنجی کۆنە ساواکی و مەکتەبی قوران و ئاغا و خان و بەگ و شیخ و مەلا و قیادەی مووەقەتە و کۆنە دلاوەرانی خۆفرۆشی نیزامی پاشایەتی کە تازە وا خۆیان بە دامێنی عەبای جمهوری ئیسلامی ئێرانەوە هەڵواسیوە و نانی خۆیانی لێ بە دەست دێنن!.

مستەفا چەمران وەک سەرکردەیەکی لێهاتوی بە ئەزمونی شەڕی گریلایی لە تاران و شارەکانی تری ناوخۆی ئێران دا کە ئەزمونی جەنگی گریلایی فەلەستین و لوبنانی دەبێت وەک بەر پرسی هەموو تەڵە و داوەکان و ڕێکخستن و پێوەندیەکانی ڕژیم و کۆنە پەرستانی ناو شاری مەریوان و ناۆچەکە و قیادەی مووەقەتە دەبێت..

تەنانەت بە قسەو بۆچونی کەسانێک لە شاری مەریوان گەلێک جار شەو و نیوەشەوان مستەفا چەمران و سەرکردە ئیتلاعاتیەکانی ڕژیم لە پادگانەوە و بە دزی و نەهێنی دەچنه ناو شار و دیداری دۆست و لایەنگرانی خۆفرۆشی خۆیان دەکەن هەتا بتوانن سەره داوێک لە فوئاد و شوێن و جێ ژیانی فوئاد بە دەس بێنن.

جمهوری ئیسلامی بە پێی ناسینی ڕەوش و شێوەکاری جاسوسی لە ئارشیڤەکانی ساواکی شادا تێدەکۆشێت هەموو کۆنە ساواکی و دلاوەرو و خۆفرۆشەکانی پێشوی ناو کوردستان بدۆزینەوەو بەرگی نوێی جمهوری ئیسلامی یان دەبەربکات و ئەرکی جاسوسی و گرتن و ترۆری ئینسانە سیاسی و شۆڕشگێڕەکانیان پێ بسپێرێت.


***

فوئاد ئامادەیە بەرەو بانە بگەڕێتەوە. ئەمجارەش دیسان هەر وەک سەفەری بانە ـ بەرەو مەریوان مامۆستا برایم جەلال پارێزگاری دەکات. شێخ عوسمان و شێح ناسح خالیدی و تەهمورس ئەکبەری ئەندامی چریکە فیداییەکانی خەڵکی ئێران چەند ڕۆژێک دەبێت سەرگردان و چاوەڕوانی هەلێک دەبن کە بەڵکوو کەسانێک بەرەو بانە بچن و ئەمانیش ببن بە هاوسەفەریان و بەتەنیا ڕێی پڕ مەترسی نەگرنە بەر.

شێخ عوسمان خالیدی بە پێی بونی خزمایەتی دەگەڵ بنەماڵەی مستەفا سوڵتانی و خوشکایەتی دایە بەهییە دایکی کاک فوئادو دایە ئایشێ دایکی شێخ ناسح و منداڵەکانی تری شێح عوسمان خالیدی خەبەری گەڕانەوەی فوئاد بۆ بانە دەبیستن و بە هەڵکەوت دەبن بە هاو سەفەری فوئاد.

.

مامۆستا برایم جەلال ئەندامی سەرکردایەتی یەکیەتی و بەرپرسی پارێزگاری فوئاد تاقە یەک پێشمەرگەش لە پەلە پێشمەرگەکانی یەکیەتی نیشتیمانی وە دەر ناخات و کەس نازانێت ئەم هەموو پێشمەرگانە لە ناو چ کون و کەلە بەردێک دابوون!

لەم ڕۆژانەش دا کە فوئاد لە ناوچەی مەریوان دا دەبێت خەڵک ئاگاداری جموجۆڵی تازە و تایبەتی ڕژیم دەبن و ئەغڵەب دەبینن کۆپتەرەکان لە دەورو بەری مەریوان دا بە ئاسمانی ناوچەکەدا دەخولێنەوە.

فوئادو مامۆستا برایم جەلال و شێخ عوسمان و شێخ ناسح و تەهمورس ئەکبەری بەرەو بانە ڕێ دەکەون.و دەڕۆن..

تۆڕی جاسوس و سیخوڕ و خۆفرۆشان لە لایەن جمهوری ئیسلامیەوە تەنراوە و دێهاتەکانی ڕێگای مەریوان بانە لە ژێر مەترسی دان.

کەس نازانێت بۆ لە مەریوانە و دەناو سەدان ڕۆڵە و پێشمەرگەی کۆمەڵە و یەکیەتی جوتیاران دا کە زۆربەیان کادر و پێشمەرگە و سەرکردەی بە ئەزمون و جێ متمانەی کاک فوئاد بوون تاقە یەک کەس وەک هاوڕێ و پارێزگار هاوڕێیەتی فوئاد بۆ بانە ناکەن لە کاتێک دا زانیویانە ئەم جەند کەسەی هاوسەفەری فوئادن یەک دانەشیان پێشمەرگە و کادر و ئەندامی کۆمەڵە نین!


کاتێ ئێوارە درەنگانێک دەگەنە گوندەکانی ئاگجە و گۆگجە و بستام بە پێویست دەزانن لە یەکێک لەم گوندانەدا پشوو بدەن و لە ماڵە دۆست و هەوادارێک لە زەحمەتکێشانی دێ میوان بن و پاش وچان و حەسانەوەو نان و چا خواردنێک بکەونەوە ڕێ و بەرەو بانە بڕۆن..

بە پێی قسە و باسێک کە لە زمان خەڵکەوە بیستراوە کەسێک بە بەهانەی حەواج و ئیش و کارێکەوە دەچێتە ئەو ماڵە کە فوئاد و هاوسەفەرەکانی لێی میوان دەبن!

فوئاد بە شک و گومان دەبێت و حەز دەکات شەو بڕۆن و لەم گوندانە نەمێن و دوور بکەونەوە کە تا ڕادەیەک هەست و خوست و تارمایی سێبەری دژمنیان لە سەرە بەڵام شێخ عوسمان خالیدی گوتویە لاقم بلۆقی کردوە و هیلاک و ماندوم و ناتوانم بڕۆم و باشتر وایە بەیانی بڕۆیین..

ئەم شەوە لە یەکێک لەم دێهاتانە دەمێننەوە و بەیانی پاش نانی قاوەڵتی بەرەو جادە ڕێ دەکەون سوار ماشێن بن و بەرەو بانە بڕۆن..

نازانن کە شەو تەواوی دەوروبەری جادەو دێهاتەکان پڕن لە کەمین و تەڵە و داوی دژمن.

هەر کە لە جادە نزیک دەبنەوە دەدرێنە بەر دەست ڕێژ و شەڕ دەست پێ دەکرێت..

تەهمورس ئەکبەری لە یەکەم دەست ڕێژدا دەپێکرێت و گیانی بەخت دکات.

فوئاد لاقی بریندار دەبێت و بە جەەدانەکەی سەری دەیبەستێت و درێژە بە شەڕ دەدات.

فوئاد تەک و تەنیا و بە برینداری درێژە بە شەڕ دەدات بەڵام لوزەوی زۆری خوێن لە هێز و هۆشی دەخات و دەکەوێت.و تەقە و دەست و چەکی فوئاد خامۆش دەبێت.

کاتێ پاسدار و خۆفرۆش و مەکتەب قوڕعانیەکانی وەک حاجی ئەحمەد بەگ حەیدەری دەچنە سەر جەستەی خوێناوی فوئاد و دەبینن ماوە بەڵام لە بێ هۆشی دا دەبێت و بە برینداری تیربارانی دەکەن و بەم شێوە دڵە گەورەکەی چەگوارای کوردستان لە ترپە دەکەوێت..

هاو سەفەرەکانی بە بێ ئەوەی فیشەکێک لە دژمن بتەقێنن کەس نازانێت چییان بە سەردێت و بۆ کوێ ڕادەکەن؟

برایم جەلال ئەم سەرکردە نیزامیەی یەکیەتی قوتار دەبێت و دەڕوات و کەسیش لەم سێحرە تێناگات چۆن چۆنی بە ناو ئەم هەموو هێزە زۆرەی دژمن دا دەرچووە؟

شێخ ناسح پورزای فوئاد چەندین ڕۆژیش پاش کارەسات هیچ سەرو سۆراغێکی نابێت و کەس نازانێت لە ترسان سەری خۆی بۆ کوێ هەڵگرتوە و پاش چەند ڕۆژان وەدی دێتەوە.

شێخ عوسمان لە کەنار ئاوێک دا و لە سەر دارە بیەکی پرچن دا خۆی حەشاردەدات و گۆیا بۆ خۆی گوتوییەتی جمو جۆڵی جاش و پاسدارەکانی دیوە بەڵام چونکین ئایەتەلکورسی خوێندوە چاویان کوێر بووە و نەیان دیوە و بۆیە نەکوژراوە.

گۆیا حاجی ئەحمەد بەگ حەیدەری وەک خۆفرۆشێک کە چۆتە سەر جەستەی کەوتوی فوئادوە چەمرانیش هاتووە و کاتێ فوئادی دەخوێن و مەرگ دا دیوە چونکین پێشتر لە دەورانی دانیشگاو زیندان دا باس و کەسایەتی فوئادی بیستوە وناسیوە لەسەر گەورەیی و کەسایەتی فوئاد قسەی بۆ خۆفرۆش و پاسدارەکان کردوە و بەڵام حاجی ئەحمە بەگ حەیدەری دوواتر نەی وێراوە هەموو قسەکانی مستەفا چەمرانبۆ خەڵک بدرکێنێت.!

ئەمەی گوتراوە و بیستراوە هەموی قسەی سەرزمان و زاری خەڵکی جۆراو جۆری مەریوان و ناوچەکە و وەک حەمەی حاجی مەحمودو نەوشیروان مستەفا و دەیان کەسایەتی ترە نەک موستەنەداتی تەحقیق و لێکۆڵینەوە ی زانستی و عیلمی کۆمەڵە بێت!

کۆمەڵە هەرگیز نەهات هەیئەتێکی تەحقیق و لێکۆڵینەوە بۆ مەرگی فوئاد دیاری بکات و چۆنیەتی مەرگ و نەمانی فوئاد وەک پڕۆژەی دادیاری بخاتە گەڕ دەبەرابەر مەرگی ڕابەرەکەی خۆی دا هەست بە مەسئولییەت بکات و بیوگرافی و خەبات و تێکۆشان و شێوەی مەرگ و کوژرانی فوئاد بە گشتی لە کتێبێک دا وەک کتێبەکەی خوشکی فوئاد خاتوو مەلەکەی سوڵتانی بە مۆرو ئیمزای کۆمەڵەوە بخاتە ناو کتێبخانە و ئەدەب و فەرهەنگ و مێژوی بزوتنەوە ی شۆڕشگێڕانەی کوردستانەوە..

خەڵکی کوردستان و بە تاییبەت جیلی نوێ هەتا ئێستاش چۆنیەتی مەرگی فوئاد لە زمان کەسانی وەک حەمەی حاجی مەحمود و نوسەران و شاعیران و لە زمان کادر و ئەندامانی کۆمەڵە و باب و باپیرانیان دەبیستن هەر وەک چیرۆک و بەسەرهاتی لە داو کەوتن و ئێعدامی چەکگوارا کە جەوانان و چەپ و کۆمونیستەکانی جیهان وێنەی چەگکوارا لە کڵاو و تیشێرت و کەل و پەلی بەرچاو دەدەن و چونکین سەرکردە و کۆمونیستێکی شۆڕشگێڕ بووە خۆشیان دەوێت و جیل دوای جیل ناهێڵن ناو ناو بانگی لە مێژووی خەبات و تێکۆشانی ڕێی سوسیالیسم دا پاک بێتەوە.

بەڵام لە هەمان کات دا دەبینین کۆمەڵە و کادر و هاوڕێیانی دێرن و خۆشەویستی فوئاد لە سەر و بەندی کۆنگەرە ی ٢ دا لە پێناو خەباتی دژ بە فەرهەنگی پۆپۆلیستی ناو کۆمەڵە و لە پێناو تەبلیغی تیئۆری کۆمونیزمی کرێکاری و شۆڕشگێڕی گۆڤاری بە سویی سوسیالیسمی ڕێکخراوی سەهەند دا بۆ کۆکردنەوەی هێزو بەرەی دیدگای ٢ی خۆیان کە دەناو کۆمەڵە دا دوو نەزەری جیای سیاسی بە ناوی دیدگای ١ و٢ هەبوو دوکتۆرجەعفەر شەفیعی و حسێن مرادبیگی(حەمەسوور) وەک دوو سەرکردەو کادری ناوەندی کۆمەڵە جەولەیەکی ٧٥ ڕۆژەیان بۆ ناوچەکانی سەقز و دیواندەرە و سنە و مەریوان و کامیاران دەکەن هەتا بتوانن لە کۆنگرەی ٢ دا دیدگای ٢ ببێت بە زۆرینەو تەنانەت بەرەی دیدگای ٢ لە کۆنگەرەی زەنبیل دا لە سەر ئەمە ساخ و کۆک دەبێت کە ئەگه ر ٢٠ پێشمەرگەیان دەگەڵ بن و بیان پارێزن مادام که دەنگی زۆرینە نەهێنن ئینشیعاب بکەن و بەناوی دیدگای ٢ی کۆمەڵە خەباتی جیاواز وسەربەخۆ ی خۆیان درێژە پێ بدەن.!

***

پاش مەرگ و نەمانی فوئاد گەلێک تیئۆری و نەزەرو بیرۆکەی چەپ و کۆمونیستی جیاوازو پرش و بڵاو و بیری ناسیۆنالیستی و ئینشیعابی جۆراوجۆریان دەکۆمەڵە دا خوڵقاند بەڵام بزوتنەوەی چەپ و کۆمونیستی و جەماوەری جیاوازی ڕێبازی فوئاد هەر نەفەوتا و گەش و گەشتر لە دەرەوەی ڕەوتە کۆمەڵە جیاوازەکان وحیزبی کۆمونیستی ئێران وڕەوتەکانی کۆمونیزمی کرێکاری وحیکمەتیستەکان دا زیندووتر مایەوە..

لە ڕاستی دا هەمووییان بە گشتی دەبەرابەر فوئاد دا بێ وەفا بوون و ڕێبازو ناو و بیوگرافی ڕاستەقینەی کاک فوئادی کۆمونیست و شۆڕشگێڕیان خستە پەراوێزەوە بەڵام بێ گومان دەبێ ئەم حەقیقەتە بزانین کە چینی کرێکارو زەحمەتکێشی کوردستان خۆی بە خاوەنی ئەم ڕێبازە دەزانێت و ڕابەرانی خۆی دەناو ئەم بزوتنەوە جەماوەریە و شۆڕشگێڕانەدا دەدۆزێتەوە و فوئادەکانی خۆی پەروەردە دەکـــــات.


Комментарии


bottom of page