وێنەی یەکەم،
دەستی چەپ، فواد مستەفا سوڵتانی، خەڵکی شاری مەریوان، لەدایکبووی ١٩٤٨، بە تەمەنی سی و یەک ساڵیی، لە ١٩٧٩، بەدەستی هێزەکانی حکومەتی کۆماری سێدارەی ئیسلامیی ئێران تیرۆر دەکرێت. سوڵتانی یەکێکە لە دامەزرێنەرانی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران . بە ئەگەری زۆرەوە ڕووخساری ئەم وێنەیە لە سەرەتای بیستەکاندا گیراوە، پۆرت رێتەکەی ڕەش و سپییە، ساتی گرتنەکەی تایبەتە بەو ڕۆژگارە، بەڵام تەماشاکردنی لە ئێستادا دەیکاتە گرتەیەکی دەرە-کاتیی، کێشی دەکاتە ناو ساتی ئێستاوە. پلێتەکەی کۆنە، ئاماژە بەو سەردەمە دەکات کە گەشەی تەکنیکی فۆتۆگرافیی هێشتا لە سەرەتاکانی دایە (لای ئێمە). یەخەی قەمیسەکەی سپی، خەتێکی باریکی ڕەشی تێدایە، بۆینباخی نەبەستووە، بەڵام ڕووخساری جوان تاشراوە. ئەگەر ئاوڕ لەو سەردەمە بدەینەوە وێنەکەی تێدا گیراوە، سوڵتانیی وەک مرۆڤێکی تەواو مۆدێرن بەراورد بە ڕۆژگاری ئەمڕۆ پیشان دەدات. پۆشین و نیگای غەمگینی تێکەڵ بە خەندە و هیوا و ڕوانین بۆ ئاسۆ، دەیهێنێتەوە ناو ڕۆژگاری ئەمڕۆمان. بە سەیرکردنی ئەم وێنەیە و بیرکردنەوە لە کاتی گرتنەکەی، دەتوانین بگەڕێینەوە ئەوکات و لەوێوە سەیری ئەمڕۆمان دەکەین بزانین ئێستا لەکوێ وەستاوین، چۆن کولتووری ئێستامان ببینین کە چەند پاشەکشەی کردووە.
وێنەی دووەم،
شاسوار جەلال ناسراو بە شەهید ئارام دوو ساڵ پێش سوڵتانی لە ١٩٤٧ لە سلێمانیی، نزیک لە زێدی سوڵتانیی، تەنها سەعات و نیوێک مەودا، لە دایکبووە. دوو ساڵ زیاتر لە سوڵتانی ژیاوە، لە ١٩٧٨ هەمان چارەنووسی ئەوی دەبێت، دەکەوێتە بۆسەی مەفرەزەیەکی تایبەت بە سەرپەرشتیاریی عاسی ڕەووفی جاش، تیرۆر دەکرێت. ئارام بەراورد بە سوڵتانی لەڕووی چالاکیی تیۆرییەوە چالاکتر بووە، زوو چووەتە ڕیزی بازنەی ڕۆشنبیرانی کۆمەڵەی مارکسیی ـ لینینیی. ئارام لەم وێنەیەدا ڕاستەوخۆ دەڕوانێتە کامێرا، بە وریاتر و ئەتەکێتترەوە بۆینباخەکەی بەستووە و لەگەڵ قات و قەمیسە سپییە باش وتوکراوەکەی ڕێکی خستووە. نیگای کەمتر غەمگینە، خەندە باڵا دەستترە. بە سەیر کردنمان لە ڕۆژگاری ئارامەوە (واتا گەشتی فۆتۆگرافیی وەک ئامێری گەڕانەوەی زەمەن) سەیری ئێستای خۆمان بکەین، خەندەکەی ئارام غەمگینانە دەردەکەوێت. وێنەکەی ئارام دوو واقیع دەگوازێتەوە: واقیعێک دوای ساتی تۆمار کردنەکەی بووە بە واقیعێکی مێژوویی، واقیع یان ساتێک، تێیدا وێنەی فۆتۆگرافیی هێشتا هەیە و لە بەرچاومانە. وێنەکەی ئارام بە شێوەیەکی مێژوویی داوامان لێدەکات بە سەیرکردنی پاسیڤ نەبین، بەرپرس بین، ئەمەش بەستراوەتەوە بە گواستنەوەی شوێنەوارەکانی مانای مێژوویی پشتی. وێنەکە و تێپەڕینی بەنێو کاتدا تا دەگاتە سەردەمی ئێمە «ئێرە و ئێستا.
بە کورتیی: فۆتۆگرافیی هەردوو وێنەکە یەک شتمان پێدەڵێت: وێنەکان لە ساتێکی دیاریکراوی مێژووییدا دەگیرێن، دەگواسترێنەوە بۆ ڕۆژگاری دوای خۆیان، ئەگەر لە ساتی دروست و لۆژیکیی خۆیاندا لە پەیامەکانیان تێنەگەین، بە دەستیانەوە نەگرین، دەڕۆن و بۆ ئەبەد بزر دەبن. هەر دوو وێنەکە تا ئێستا سەرەڕای ئەوەی نەمانتوانیوە لە کاتی دروستی خۆیدا دەستیان بەسەردا بگرینەوە، کەچی هێشتا بزر نەبوون و بەرەنگاریی دەکەن..
Comments