top of page

فوئاد مسته‌فا سوڵتانی ئه‌ستێره‌یه‌کی سوور به‌ ئاسمانی خۆرهه‌ڵاتی کوردستانه‌وه‌،

ئەوکاتەی تەرمی کاک فوئاد دەهێنە بەردەستی دایە بەهییە پێش شۆردنی تەرمەکەی ژێر فانیلەیەکی کاک فوئاد کە خەڵتانی خوێنە، دەخاتە باخەڵی و بۆنی پێوە دەکات، دواتریش تاکێک پێڵاوی کاک فوئاد لە باوەش دەگرێت تاوەکو چەند ڕۆژێک. پێش ناشتنەکەی دەستی خوشکێکی کاک فوئاد دەگرێت ودەڵێت"وەرە هەڵپەڕە، وەرە، ئەمە" زەماوەندی ژن هێنانەکەی فوئادە.


لەبنه‌ماڵه‌ ناوداره‌کانی خۆرهه‌ڵاتی کوردستانە، بۆ به‌ده‌ستێهنانی دادپه‌روه‌ری کۆمه‌ڵایه‌تی و یه‌کسانی ژن و پیاو، سه‌ره‌تا له‌ بنه‌ماڵه‌که‌ی خۆیه‌وه‌ ده‌ست پێده‌کات.سه‌رجه‌م ئه‌و زه‌ویوزارانه‌ی هه‌یانه‌، دابه‌شی سه‌ر جوتیار و نه‌دارانی ده‌که‌ن، له‌ پێناو دۆزی کورد و پێشلێکردنی مافی نه‌ته‌وه‌که‌ی چه‌ندین ساڵ زیندانی ده‌کرێت.


فوئاد مسته‌فا سوڵتانی ئه‌ستێره‌یه‌کی سوور به‌ ئاسمانی خۆرهه‌ڵاتی کوردستانه‌وه‌، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ئه‌ندازیار ده‌بێت، جگه‌ له‌ بواره‌که‌ی خۆی ده‌یه‌وێت ببێته‌ ئه‌ندازیاری دۆزی میلـله‌ته‌که‌ی. ئه‌و شریقه‌ی قامچی بنه‌ماڵه‌ی پادشایه‌تی ئێرانی به‌رکه‌وت، دوای ڕووخانیش شا، ئه‌مجاره‌یان گولـله‌ی کۆماری ئیسلامی ئێران ساردی کرده‌وه‌. بۆچی فوئاد هه‌میشه‌ لە زیهنی خه‌ڵکی خۆرهه‌ڵاتدایه‌؟ بۆچی خەڵکی خۆرهه‌ڵاتی کوردستان سەربە هەر ڕەوتێکی سیاسی بن کاتێک دێته‌ سه‌ر باسی فوئاد مسته‌فا سوڵتانی به‌ حه‌سره‌ته‌وه‌ ده‌ڵێن"کاک فوئاد له‌ ده‌ستمان چوو."

فوئاد مستةفا سوڵتان کێیه‌؟


فوئاد مستەفا سوڵتانى ناسراو بە کاک فوئاد 27ى ئازاری 1948 لە گوندی ئاڵمانەی سه‌ر به‌ شاری مەریوانی خۆرهه‌ڵاتی کوردستان له‌ بنه‌ماڵه‌یه‌کی ناودارو خاوه‌ن زه‌وی و زار لە دایکبووە. خێزانه‌که‌ی ئه‌و له‌ چه‌ندین براو خوشک پێکهاتوون.قۆناغەکانى خوێندنی لە گوندەکەیان و سنە ته‌واوکردووه‌،بۆ درێژەدان بە خوێندن لە ساڵی 1967دا دەچێتە زانکۆی پیشه‌یی ئاریا مێهر لە تاران و بەشی ئەندازیارى کارەبا تەواو دەکات.


کاک فوئاد به‌ ده‌ر له‌ خوێندنه‌که‌ی لەگەڵ خوێندنەکەیدا لە هەوڵی بەردەوامدا بوو بۆ دۆزینەوەى رێگاکانى خەبات بۆ بەدەستهێنانى مافی خەڵکى کوردستان و تەنانەت سەرتاسەری ئێران. لە پاییزی ساڵی 1969دا لەگەڵ هاورێکانیدا بناغەى رێکخراوى کۆمەڵەیان دامەزراند.لە ساڵی 1972 لە دواى تەواوکردنى خولی ئەفسەری لە کارگەى کارەباى شارى مەریوان دەستبەکار بوو، بەڵام بەهۆى هەڵوێستەکانیەوە بەرامبەر بە ساواک(ده‌زگای هه‌واڵگری شای ئێران) و قائیمقامى مەریوان، لە مەریوان دوورخرایەوە.


له‌ته‌ خشتێک ژیانی ده‌گۆڕێت

ئه‌و کاته‌ی کاک فوئاد خوێندکاری زانکۆ ده‌بێت، هه‌میشه‌ خۆی به‌ پارێزه‌ری هاوڕێکانی ده‌زانێت، ده‌یه‌وێت به‌ڕۆح و جه‌سته‌ بیسمه‌لێمێنت ئه‌و ئاماده‌ی مردنه‌ له‌ پێناو پاراستنی مافی ئه‌وانی دیکه‌دا، شه‌وێک کۆمه‌ڵه‌ خوێندکارێکی به‌شه‌ ناوخۆییه‌که‌یان بۆ داواکاری و پڕکردنه‌وه‌ی پێداویستیه‌کانیان ناڕازایه‌تی ده‌رده‌بڕن، له‌ پڕ هێزێکی چه‌کداری شا هه‌ڵده‌وکوتنه‌ سه‌ریان، کاک فوئاد به‌و کاردانه‌وه‌یه‌ تووڕه‌ ده‌بێت، چه‌کی پێ نابێت بۆ پاراستنی هاوڕێکانی، ناچار له‌ته‌ خشتێک یاخود پارچه‌یه‌ک خشته‌ سووره‌ ده‌گرێته‌، فه‌رمانده‌یه‌کی ئه‌و هێزه‌، ئه‌و کاره‌ش ده‌بێته‌ هۆی ڕاپێچکردنی بۆزیندان، دوای ئازادبوونیشی ده‌خرێته‌ ژێر چاودێرییه‌کی توندی ده‌زگای هه‌واڵگری ئێرانه‌وه‌، که‌چی له‌ هه‌مانکاتدا دوای ته‌واوبوونی خوێندنه‌که‌ی له‌ چه‌ندین شوێنی باش و گونجاو داده‌مه‌زرێنرێت.


شه‌ونامه‌

سه‌ره‌ڕای دڕندایه‌تی ده‌سه‌ڵاتی شای ئێران و ڕێکخراوەکە بەهۆی دڕندایەتی دەزگای ساواکەوە بۆ ماوه‌ی نزیکه‌ی ده‌ ساڵ دەست بە خەباتی نهێنی دەکەن و بڵاوکراوەیەک بە ناوی "شەونامە" دەردەکەن. ئه‌وان ده‌یانه‌وێت به‌م شه‌و نامه‌یه‌ ده‌یانه‌ویست ده‌سه‌ڵاتی شای ئێران راچه‌ڵه‌کێنن و بڵێن ئه‌م سیستمه‌ له‌ لایه‌ن خه‌ڵکه‌وه‌ هه‌رس نه‌کراوه‌. به‌ده‌ر له‌وه‌ش ده‌یانه‌ویست شه‌و نامه‌ ببێته‌ ده‌ره‌چه‌یه‌ک بۆ به‌ ده‌ستهێنانی بنکه‌ی جه‌ماوه‌ری.


دوای تەواوکردنی زانکۆ، وەک ئەندازیاری کارەبا لە شاری مەریوان دەستبەکار دەبێت و لە کاتی کارکردنیدا بە هەموو هێزیەوە لەدژی گەندەڵکاران دەوەستێتەوە. ئەو هەڵوێستەش جێگای قبوڵکردنی دەزگای ساواک نابێت، هەر بۆیە بۆ شاری بروجێرد دوور دەخرێتەوە. ده‌زگا ئه‌منیه‌کانی شا، به‌ دوورخستنه‌وه‌ی تاسوقیان ناشکێت، بۆیه‌ ده‌ستگیریده‌که‌ن. ماوه‌یه‌ک له‌ شاری تاران زیندانی ده‌که‌ن، له‌وێشه‌وه‌ بۆ زیندانی به‌ناوبانگی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ زیندانی کۆشکی تاران ماوه‌ی 36 مانگ له‌وێ زیندانی ده‌کرێت.


وه‌کو زیندانیه‌کانی دیکه‌ ته‌نیا ڕۆژه‌کان ناژمێرێت کاک فوئاد(خه‌ڵکی وه‌ پیشاندانی ڕێز و خۆشه‌ویستی به‌ کاکی خۆیان ده‌زانی، بۆیه‌ به‌ کاکه‌ یان کاک فوئاد بانگیان ده‌کرد)له‌ زیندان خه‌ریکی کۆکردنه‌وه‌ی زیندانه‌ په‌راوێزخراوه‌کان بوو، ده‌یویست به‌ خه‌ڵکی ئازاد و زیندانیان بڵێت، ئازادی و دادپه‌روه‌ری مافی هه‌موو مرۆڤێکه‌، ئێمه‌ سیستمێکی پادشایه‌تی به‌ڕێوه‌مان ده‌بات سه‌رده‌مه‌که‌ی به‌سه‌ر چووه‌، ئێستا دوای جه‌نگی دووه‌هه‌می جیهانی نه‌خشه‌ ڕێگای ئازادی به‌جۆرێکی دیکه‌ داڕێژراوه‌ته‌وه‌. کاک فوئاد له‌ به‌ر هه‌ڵوێستی دڵڕه‌قی به‌رپرسان و پاسه‌وانه‌کانی زیندان ده‌ست به‌ مانگرتن ده‌کات، بۆ ئه‌وه‌ی په‌ڵه‌یه‌کی ڕه‌شی دیکه‌ نه‌که‌وێته‌ ناوچاوانی ڕژێمی پادشایه‌تی ئێرانه‌وه‌، ناچار ده‌به‌ن له‌ به‌ندی سیاسی ده‌ریبهێنن و ڕه‌وانه‌ی زیندانی ئاسایی بکه‌ن. دوای ئه‌و مانگرتنه‌ رێکخراوی خاچی سووری نێوده‌وڵه‌تی سه‌ردانی گرتووخانه‌که‌ ده‌که‌ن، له‌وێ چاویان پێده‌که‌وێت، پێی ده‌ڵێن داواکاریت چییه‌؟ له‌ وه‌ڵامدا ده‌ڵێت بمگوێزنه‌وه‌ بۆ زیندانی شاری سنه‌.له‌وێش بۆ ماوه‌ی نزیکه‌ی مانگێک مان له‌ خواردن ده‌گرێت، به‌و کاره‌شی به‌ ته‌واوه‌تی له‌ لایه‌ن خه‌ڵکی خۆرهه‌ڵاتی کوردستانه‌وه‌ ده‌ناسرێت، دوای 48 مانگ واته‌ چوار زیندانی و ئه‌شکه‌نجه‌، ئازاد ده‌کرێت و ڕاسته‌خۆ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌زێدی باب و باپیری له‌ گوندی ئاڵمانه‌. به‌ڵام له‌ کاتی ئازادبوونی خه‌ڵێکی زۆر پێشوازی له‌ قاره‌مانه‌ ئازادی و یه‌کسانی خوازه‌که‌یان ده‌که‌ن.


سه‌رهه‌ڵدانی شۆڕشی کۆماری ئیسلامی ئێران

دوای ئازادبوونی کاک فوئاد و هاوڕێکانی له‌ زیندان، کاک فوئاد وەک ڕێبەرێک دێته‌ مه‌یدان و جه‌ماوه‌ر ڕێکده‌خات بۆ دامه‌زراندنی یه‌کێتی جوتیاران، تاوه‌کو هانی خه‌ڵکی بدات دژی سته‌می پادشایه‌تی ڕاپه‌رن، چیتر ئاغاکان نه‌یان چه‌وسێننه‌وه‌. له‌ زۆربه‌ی شاره‌ کوردییه‌کانی خۆرهه‌ڵاتی کوردستان هێزی به‌رگری دامه‌زراند. له‌ پاش ئه‌وه‌ شۆڕشی کۆماری ئیسلامی ئێران به‌ سه‌رکردایه‌تی سه‌ید روحوڵا مسته‌فوی (خومینی) سه‌ریهه‌ڵدا و کۆتای به‌ ده‌سه‌ڵاتی بنه‌ماڵه‌ی پادشایه‌تی ئێران هێنرا. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی کورده‌کان پشکی شێریان هه‌بوو له‌ به‌شداریکردنیان له‌و شۆڕشه‌ به‌ڵام هه‌ر زوو سه‌رکرده‌کانی کورد و کاک فوئاد بۆنی ئه‌وه‌یان کردبوو، که‌ ئاخوندنه‌کان نه‌ک مافی کورد ناده‌ن، بگره‌ قه‌تڵوعامیان ده‌که‌ن. بۆیه‌ به‌سه‌رکردایه‌تی کاک فوئاد له‌ 26ی شوباتی 1979 یه‌کێتی جوتیارانیان ڕاگرت و ڕێکخراوەکەیان بە سه‌رکردایه‌تی فوئاد موسته‌فا سوڵتانی لە شاری سەقز جاڕی خەباتی ئاشکرایی بە ناوی "کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران" دەدات و شاری مەریوان وەک ناوەندی خەباتی جەماوەری دەستنیشان دەکرێت.


گرنگترین ڕووداوەکانی دوای سەرهەڵدانی شۆڕشی ئیسلامی

لە 11ی ئازاری 1979 کاک فوئاد و هاوڕێکانى لە کۆمەڵە لە راگەیاندراوێکدا داوایان لە خەڵک کرد دەنگ بە کۆمارى ئیسلامیى ئێران نەدەن و بەشدارى لە ریفراندۆمەکەى کۆمارى ئیسلامیدا نەکەن و بۆ ئەوەش خۆپیشاندانێکى گەورەیان لە سنە رێکخست. لە دووی نیسانی 1979 شەڕی نەغەدە دەستیپێکرد و کاک فوئاد لەگەڵ شێخ عیزەدینى حوسەینى لە هەوڵی رزگارکردنى ئەندامانى رێکخستنى کۆمەڵەدا بوون کە لەو شارەدا گەمارۆدرابوون. لە یەکی ئایاری هەمان ساڵدا کاک فوئاد لە مەریوان رێوڕەسمێکى جەماوەریى بە بۆنەى رۆژی جیهانیى کرێکارەوە رێکخست. دوای چوار ڕۆژ لە جەژنی جیهانی کرێکاران یەکەم دەستەى پێشمەرگەکانى یەکێتیى جوتیاران بە پێشەنگایەتیى کاک فوئاد لە شارى مەریوان چوونە دەرەوە و رۆژی هەشتی ئایاری 1979 پێشمەرگەکانى یەکێتیى جوتیاران جەولەى ئاشکراى خۆیان دەستپێکرد.

کۆنفرانسی یەکەمی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە

لە کۆنفرانسى یەکەمی کۆمیتەى ناوەندیى کۆمەڵە لە 20ی تەمموزی 1979 ى لە مەهاباد، چەندین باسی وەک ئەزموونەکانى یەکێتیى جوتیاران، گرفتە ناوخۆییەکانى کۆمەڵە و یەکگرتن و پێکهێنانى حیزبی کۆمۆنیست تاوتوێکران و لە 22ی تەمموز سەردانى ناوچەی مەرگەى کرد بۆ بینى چەند کەسێک لە تێکۆشەرانى ئەو کاتى باشوورى کوردستان. لە دوای بەستنی کۆنگرە شەڕ لە نێوان پێشمەرگەکانی کۆمەڵە و هێزەکانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران هەڵگیرسا، بۆیە دەستبەجێ ئەنجومەنی شاری مەریوان دەمەزرا و کاک فوئاد بوو بە بەڕێوبەری ئەنجومەنی شاری مەریوان. بۆ هێورکردنەوەی بارودۆخەکە کاک فوئاد بڕیاریدا لە 26ی مانگی تەمموزی 1979 گفتوگۆ لەگەڵ فەرماندەی بنکەی سەربازی مەریوان دەستی پێکرد.


کەمپی کانی میران

ڕۆژ بە رۆژ دەسەڵاتی نوێی ئێران کە لە ئاخوندەکان پێکهاتبوو زیاتر فشاریان دەخستە سەرکوردەکانی خۆرهەڵاتی کوردستان، دەیەویست پاوانخوازێکی ڕەها ئەنجامبدەن و هاوشێوەی سیستمی پادشایەتی مافی کوردەکان پێشێل بکەن. بەهۆی لەشکرکێشی بۆسەر کەمپی کانی میران لە شاری مەریوان کاک فوئاد بڕیاریدا بە بێ چەک واتە بە شەڕ و شۆڕ پراکتیزەی خەباتی مەدەنی بکەن. بۆیە لە 20-21ی ئابی دانیشتوانی شاری مەریوان بەرەو کامپی "کانی میران" بەڕێکەوتن، لە مێژووی خەباتی مەدەنی کوردستانی هەرچوار پارچە بە گەورەترین خەباتی مەدەنی دادەنرێت، کە خەڵکی زۆر بە کۆمەڵ لە شارەکانی دیکەی ئێرانەوە بەرەو مەریوان بە پیادە بەڕێکەوتن.دواتر کاک فوئاد بە ئامانجی خەباتە مەدەنییەکەی گەیشت لە گوتارێکیدا بڕیاریدا کە خەڵکی مەریوان بگەڕێنەوە بۆ شوێنەکانی خۆیان. لە دژی ئەو خەباتە مەدەنییە لەسەر بڕیاری خودی خومەینی هێرشەکان قورستر کرانەوە بۆ سەر خۆرهەڵاتی کوردستان. چەندین رۆڵەی کوردیان بێ ڕەحمانە کوشت. وەکو کاردانەوەی ئەو هێرشانەش کاک فوئاد خەباتی چەکداری ڕاگەیاند کە تێیدا یەکەمین جاربوو ژن و پیاو بە یەکسانی چەک لە دژی داگیرکەر هەڵگرن.


شەڕەکەی کەرەفتوو

دوای هەڵگیرسانی شەڕ لە نێوان چەکدارانی کۆمەڵەی زەحمەتکێش و هێزەکانی ئێران، لە 28ی ئابی دەچێتە سەقز لەگەڵ هاوڕێکانیدا کۆبوونەوەیەک ئەنجامدەدەن لەوێ بە دەنگێکی دلێر دەڵێت""یەکێتىی جووتیاران دەوری خۆی گێڕا و تەواو بوو، ئێستا دەبێت خۆمان ئامادەکەین بۆ بەرەنگار بوونەوەی هێرشی ئێران." هێزە سیاسیەکانی ئەو کاتەی کوردستانی باشوور و خۆرهەڵات بەدەم خەباتەکەی کاک فوئادەوە دەچن لە یەکی ئابی 1979 دەچێتە بانە و لەگەڵ مام جەلال کۆبوونەوەیەک ئەنجام دەدەن، ڕۆژێک دوای ئەوەش، لەگەڵ حزبی دیموکرات و ڕێکخراوی چریکە فەداییەکان کۆدەبنەوە و هەموویان جەخت لەوە دەکەنەوە کە دەبێت بەرەنگاری هێزەکانی شۆڕشی ئیسلامی ببنەوە.


لە سێدارەدانی دوو برای کاک فوئاد

پێشتر مەلەکەی خوشکی کاک فوئاد داوا لە فوئادی برای دەکات بڕوات بە هانای ئەو زیندانیانەی کە لە سەربازگەی مەریوان دەستگیرکراون، بەڵام فریاناکەوێت ئەو دڵڕەقییەی دەسەڵاتداران ڕابگرێت، بۆیە لە 25ی ئابی 1979 مەریوان کۆماری ئیسلامی ئێران نۆ کەس بە ناوەکانى ئەحمەد و حوسەین پیرخزری، بەهمەن ئەخزەری، جەلال نەسیمی، فایەق عەزیزی، ئەحمەد قازیزادە، عەلی داستانی، ئەمین و حوسەین مستەفا سوڵتانی، کە ئەمین و حوسەین براى کاک فوئاد بوون، لە سێدارە دەدات.

کاک فوئاد بەهۆی سەرقاڵبوونی بە شۆڕشەوە ناتوانێت بەشداری پرسەی براکانی بکات، بۆیە لە چواری مانگی ئەیلول هەواڵی لە سێدارەدانی براکانی دەبیستێت.


شەهیدبوونی کاک فوئاد

لە پێنجی ئابى 1979کاک فوئاد لەگەڵ برایم جەلال یەکێک لە بەرپرسانى یەکێتیى نیشتمانى و لەگەڵ دەستەیەکی پێشمەرگە دەچنە مەریوان لەوێ تەهمورس ئەکبەری ئەندامى چریکى فیدایى، شێخ عوسمان خالیدی و ناسێحی کوڕی لە هەشتی ئەیلول لە مەریوانەوە بەرەو بانە دەکەونەڕێ و بەهۆی دانانەوەی بنکەى سەربازیى قەمچەیان لەلایەن رژێمى ئێرانەوە، رێگاکەیان دەگۆڕن و درەنگانێکى شەو دەگەنە گوندی ئاگجە.


لە 31ی ئابی 1979 لە ئاگجەوە و بە رێگاى مەریوان – سەقزدا بەرەو بانە دەکەونەڕێ و لە نزیک کاتژمێر ١٠ى بەیانی لە نێوان گوندەکانى بستام - کانێعمەت دا لەلایەن هێزێکى زۆری جاش و پاسدارەوە بە سەرکردایەتى مستەفا چەمران هێرشیان دەکرێتە و سەر و کاک فوئاد و تەهمورس لە دواى چەند کاتژمێر شەڕ و بەرەنگاری شەهید دەبن.

دوای شەهیدبوونی کاک فوئاد، لە زیندانی شاری تەورێزیش دوو برای دیکەی بە ناوەکانی "ماجد و ئەمجەد" لە سێدارە دران، واتە تەنها لە ماوەی چەند مانگێکدا پێنج ئەندامی خێزانێکەی ژیانیان لە دەستدا و ناوی کاک فوئادیش بوویە وێردی سەر زاری ڕۆشنبیر، شاعیر، شۆڕشگێڕ و بە تایبەت زەحمەتکێشان. دەگوترێت ئەو ساڵە زۆربەی ئەوانەی کە لە دایکبوون، خێزانەکان لە خۆشەویستی فوئاد مستەفا سوڵتانی ناوی دەنا"فوئاد".


کاردانەوەی ئەو فەرماندەیە چی دەبێت کە کاک فوئادی شەهیدکردووە

ناسڕی حوسامی کوڕی مامۆستا هێدی شاعیر دەنووسێت"مستەفا چەمران کە خوێندنی لە ولاتی ئەمریکا تەواو کردبوو و زانای شەڕی پارتیزانی بوو، ھەر بۆ بەرەنگاری دەگەڵ بزووتنەوی خەڵکی کوردستان و پووچەڵ کردنەوەی خەباتی چەک‌داری پێشمەرگەکانی کوردستان ڕەوانەی کوردستان دەکرێت. وەک ئەوەی باسی دەکەن ئەگەرچی دوژمنایەتی ھەبووە لەگەڵ کاک فوئاد بەڵام ڕیزیان ھەبووە بۆ یەک. دەڵێن دوای دیتنی تەرمی کاک فواد فرمێسک دەڕێژێت و دەڵێن ھەر بە دەستووری چەمران بوو کە نەوەک ھەمیشە کە بێ‌ڕێزیان دەکرد بە تەرمی شەھیدانی کورد، تەرمی کاک فواد ھەتا شاری مەریوان دەبەن و دەیسپێرنە دەستی خەڵک.

"تەیارەى چەمران شانەوشان ئەکا – داواى جوانەکان مەریوان ئەکا".


بەخاکسپاردنی کاک فوئاد

لە نۆی ئەیلولی ئەو ساڵەدا بە بەردەوامیى کۆپتەر بەسەر گوندی ئاڵمانەدا سوڕاوەتەوە و هاوکات لەگەڵ پرسەى حوسەین و ئەمینى براى کاک فوئاد دا، دایە بەهییە، واتە دایکى کاک فوئاد گوتویەتى "تەیارەى چەمران شانەوشان ئەکا – داواى جوانەکان مەریوان ئەکا". ه ڕۆژێک دواتر تەرمەکەى کاک فوئاد دەبرێتەوە بۆ مەریوان و کاتژمێر ١١ى پێشنیوەڕۆ لە گۆڕستانى تاڵەسوار لە نزیک گوندەکەیان و لە تەنیشت ئەمین و حوسەینى برایدا و لە مەراسیمێکى جەماوەریدا بەخاکیان سپارد. ئەوکاتەی تەرمی کاک فوئاد دەهێنە بەردەستی دایە بەهییە پێش شۆردنی تەرمی کاک فوئاد ژێر فانیلەیەکی کاک فوئاد کە خەڵتانی خوێنە، دەخاتە باخەڵی و بۆنی پێوە دەکات، دواتریش تاکێک پێڵاوی کاک فوئاد لە باوەش دەگرێت تاوەکو چەند ڕۆژێک. پێش ناشتنەکەی دەستی خوشکێکی کاک فوئاد دەگرێت، دەڵێت"وەرە هەڵپەڕە، وەرە، ئەمە زەماوەندی ژن هێنانەکەی فوئادە."


لە سێدارەدانی دوو برای دیکەی کاک فوئاد

دواتریش کۆمارى ئیسلامیى ئێران دوو براى دیکەی کاک فوئاد بە ناوەکانى ئەمجەمد و ماجد لە تەورێز دەستگیردەکەن و لە زیندانى تەورێز لە سێدارەیان دەدەن و تەرمەکانى ئەوانیش لەلای گۆڕی کاک فوئاد دا بەخاکسپێردران. هەروەها ساڵی ١٩٩٥ دایە بەهیە، دایکى ئەو پێنج تێکۆشەرە کوردە لە دوورە وڵات کۆچی دوای دەکات و لەسەر وەسێتی خۆی دەبرێتە لای کوڕەکانی لەوێ لە گوندی ئەڵمانە بەخاک دەسپێردرێت.

ئەو وەسێتەی بەناوی دایە بەهیەوە کراوە:

لە نووسێنیکیدا جوامێر مەرابی دەڵێت ئەمە وەسێتی دایە بەهییە

دوای مردن به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ک بوو بمنێرنه‌وه‌ بۆ ئاڵمانه‌

پاشان پشتوێنه‌ خوێناوییه‌کی حسەین ـم تێوه‌ بپێچن

چاوبه‌سه‌که‌ی ماجیدـم بکه‌نه‌ که‌مه‌ر به‌ند،

ژێر کراسه‌که‌ی فۆئادـم له‌ به‌ر بکه‌ن،

به‌ کراسه‌ خوێناوییه‌کی ئه‌مجه‌د سه‌رم ببه‌ستن،

به‌جامانه‌که‌ی ئه‌مین دامپۆشن.

جا ئه‌و کاته‌ له‌ تاڵه‌سوار لای جوانه‌مه‌رگه‌کانم بمنێژن.

شێرکۆ بێکەس بە هۆنراوەیەک خەمی خۆی بۆ شەهیدبوونی کاک فوئاد دەردەبڕێت

فوئاد وابوو..

فوئاد خۆشه‌ویستی هه‌موو ماڵه‌ برینداره‌کان بوو.

فوئاد خۆشه‌ویستی هه‌موو باڵنده‌ غه‌مگینه‌کان بوو.

خۆشه‌ویستی هه‌موو ماسیه‌

زه‌ردو سوورو جوانه‌کان بوو

“چونکه‌ تۆڕه‌کانی لێ دوور ئه‌خستنه‌وه‌”

خۆشه‌ویستی هه‌موو گه‌ڵاو گوڵ‌و

دارستان‌و بێشه‌کان بوو

“چونکه‌ ته‌وره‌کانی لێ دوور ئه‌خستنه‌وه‌”

خۆشه‌ویستی هه‌موو قه‌ڵه‌مه‌ پاکه‌کان بوو

“چونکه‌ درۆکانی نیشان ئه‌دان”

درۆی مناره‌کان

درۆی عه‌مامه‌کان

درۆی جبه‌کان

فوئاد وابوو

فوئاد ئه‌یوت: من هی خۆم نیم.

سه‌رم سه‌ری شاخانه‌و

ده‌ستم ده‌ستی باخانه‌و

قاچم قاچی گوندانه‌و

دڵم دڵی گوڵدانه‌و

چاوم چاوی شارانه‌و

گوێچکه‌م گوێچکه‌ی حه‌قیقه‌ت.






Comments


bottom of page